ساڵانێکە ئابووری تورکیا بەدەست داکەتنی بەهای لیرە لەبەرامبەر دراوە بیانیەکان و هەڵئاوسانی بەردەوام، تووشی قەیرانێکی سەختی ئابووری بۆتەوە، بەشێوەیەک کە رۆژبەرۆژ لیرەی تورکی بەهای خۆی لەبەرامبەر دراوی بیانی بە تایبەت دۆلار و یۆرۆ لەدەست دەدات، رێژەی هەڵئاوسان بەرز دەبێتەوە، ئاستی بێکاری زیاتر دەبێت، کاڵا سەرکیەکان بە تایبەت گاز و بەنزین گران دەبن، هەموو ئەمانە رۆژ بە رۆژ باری سەرشانی هاوڵاتی تورکیا قورستر دەکەن.
بەهەر پێوەرک بوایە لە هەڵبژاردنی ١٤ ئایاری ٢٠٢٣، کە بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدرا، ئەو ڕەوشی خراپەی ئابووری دەبوو کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەکەپە و ئەردۆگان لە تورکیا بهێنێت.
بەڵام نەبوونی سیاسەتێکی جێگرەوەی ئابووری ڕوون لە لایەن ڕکابەرەکانی ئەردۆگان، چ لە بەرەی ئۆپزسیۆنی شەش قۆڵی یان کەمال کلیجدرائۆلۆ کە رکابەرایەتی ئەردۆگانی دەکرد ئەو گۆڕانکاریەی درووست نەکرد.
دوابەدوای هەڵبژاردنی ئەم دوایەیی تورکیا، گرتنە دەستنەوەی دەسەڵات لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆگان و هاوپەیمانیەتی کۆمار ( AKP- MHP)، ئەردۆگان پەنا بۆ مهمەت شیمشەک دەبات بۆ پۆستی وەزارەتی خەزێنە و دارایی رایدەسپێریت.
شیمشەک کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٨ دا وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا بوو، بەوەش ناسراوە کە پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە.
ئەو پێشتر ناکۆکی لەگەڵ سیاسەتی دارایی ئەردۆگان هەبوو، پێی وابوو بۆ ڕاگرتنی باڵانسی لیرەی تورکی بەرامبەر دراوی بیانی دەبێت پەنا بۆ زیادکردنی سوودی بانکی ببردرێت.
بەڵام ئەردۆگان بە ناوی ئەوەی سوودی بانگی لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام ناکۆکە، حزبەکەی ئەوەیش ( AKP) حزبێکی ئیسلامیە، بۆیە تا بۆیکرا رێگری لە زیادکردنی سوودی بانکی کرد. هەر ئەوەش وایکرد شیمشەک لە ساڵی ٢٠١٨ لە پۆستی وەزیری دارایی دەست بکێشێتەوە.
شایانی باسە، قەیرانی ئابووری لە تورکیا هۆکار بوون کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو چەندین جار وەزیری خەزێنە و دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بگۆڕدرێن، بەڵام هیج یەک لەو گۆرانکاریایانە بەدەردی تورکیایان نەخوارد.
لە ئێستاشدا، راسپاردنەوەی شیمشەک بە وەزیری خەزینە و دارایی و پێدانی دەسەڵات بەوەی هەر کارێک کە ئەو پێی گونجاوە بیکات، بۆ رێگری زیاتر لە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، هەر بۆ ئەم مەبەستەش سوودی بانگی لە ٨٪ بەرزکردەوە بۆ ١٥٪، بەڵام نەک هەر ئامانجەکانی وەزیرە تازەکەی ئابووری تورکیا نەهاتەدی دی، بگرە وا رۆژبەرۆه بەهای لیرەی تورکی زیاتر دادەکەوێت، لە ئیستادا لیرە بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە نزمترین ئاست دایە، شارەزایانی ئابووری پێیان وایە تا سەری ساڵ ١٠٠$ دەگاتە ٢٨٠٠ تا ٣٠٠٠ لیرە، بەو پێوەرەش بێت قەیرانەکە بەردەوامی دەبێت.
تورکیا جگە لە ناسەقامگیری لە بەهای دراوەکەی پێش هەڵبژاردن قەرزێکی یەکجار زۆری کردووە، بە تایبەتیش لە وڵاتانی کەنداو لە نموونەی قەتەڕ و ئیماڕات، واتا ئەو خەزێنەیەی کە ڕادەستی شیمشەک کراوە نەک هەر خاڵی بووە بگرە قەرزی زۆریشی لەسەرە.
هەموو ئەو گرفتانەی بەرۆکی وەزیرە تازەکەی تورکیا بە تایبەتی و کابینە تازەکەی ئەردۆگان دەبنەوە ئەوەمان پێدەڵێن کە نەک هەر شیمشەک نابێتە فریادڕەس بگرە تەمەنی کابینەکەش زۆر درێژە ناکێشێت.
هیوا سەید سەلیم