بەڕێزان/ لە ناوەندی شێخ سەعیدئ پیران
مالباتی بەرێز شێخ سەعیدی پیران
ئەمرۆ ٩٨ ساڵ بەسەر کارەساتی لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران تێدەپەڕێت، لەو یادەدا سەری رێزو نەوازش بۆ روحی پاکی ئەوە سەرکردە مەزنەی گەلەکەمان دادەنەوێنین، هیوای ساخ و سەلامەتی بۆ کەسوکاری دەخوازیین. شایانی باسە، شێخ سەعیدی پیران لە هەڵومەرجێکی ناسکی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان دەستی دایە راپەڕین، بەڵام مخابن بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان لە ناوچەکە و دڕندەیی نەیارانی دۆزی کورد لە جیاتی دانان بە مافەکانی گەلی کوردستان بە توندترین شێوە دژی بە ڕاپەڕینی شێخ سەعید وەستانەوە تا گەیشتە ئاستی ئەوەی شێخ سەعید لەگەڵ کۆمەڵێک تێکۆشەری دیکە دەستگیر بکرێت و پاشان لە سێدارە بدرێت. بەو بۆنە غەمناکە جارێکی دیکە ئەوە بە بیر نەیارانی مافەکانی خەلکی کوردستان دەهێنینەوە کە پرسی کورد پرسێکی ڕەواییە بە کووشتن و لە سێدارەدانی سەرکردە و ڕێبەرەکانی کپ ناکرێتەوە، زوو یان درەنگ دەبێت داگیرکەرانی کوردستان بچنە ژێرباری دانان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان، ئەو مافانەی کە خەڵکی کوردستان دەریایەک خوێنی بۆ ڕشتووە. جارێکی دیکە سڵاو بۆ روحی پاکی شێخ سەعیدی پیران.
مەکتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٩/٦/٢٠٢٣