پلانێكی هەواڵگری روسيا بووە بۆ ئاشكراكردنی گروپە نەیارەكان لەناوخۆ
رێگەمان دا پریگۆژین جوڵەبكات بۆ ئەوەی پیلانگێڕان بچنەپاڵی
ئەو جوڵە دروستكراوە دوا رۆڵ بوو درا بە پریگۆژین پێشئەوەی خانەنشین بكرێت
رۆژنامەی (الجریدة)ی كوەیتی:
سەرچاوەیەكی باڵا لەنوسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران ئاشكرایكردووە: ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا, لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا, نهێنی پشتی یاخیبونەكەی گروپی ڤاگنەری بە ئیبراهیم رەئیسی, سەرۆك كۆماری ئێران راگەیاندووە.
رەئیسی, لە راپۆرتێكدا كە بۆ عەلی خامنەیی رابەڕی شۆڕشی ئیسلامی بەرزكردووەتەوە, تیادا باسی ئەوەی كردووە, پۆتین لەپەیوەندیە تەلەفونیەكەدا جەختیكردووە, دەزگا ئەمنیەكانی روسیا زانیاری پێشوەختەیان هەبووە بەجوڵەو یاخیبونی ڤاگنەر.
جوڵەكە دروستكراو بووەو بەهۆیەوە دەیان گروپی راهێنراوی هاوپەیمانی ناتۆ, لەناوخۆی روسیا ئاشكرابوەو هەڵمەتێكی فراوان بۆ دەستگیركردنیان دەستیپێكردووە.
پۆتین بە رەئیسی وتووە, دەزگای هەواڵگری روسیا پلانەكەی دارشتووە, دوای ئەوەی بۆیان دەركەوتووە چەندین گروپی روسی نەیار لەلایەن هاوپەیمانی ناتۆوە راهێنانیان پێكراوە, بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆرستی لەناوخۆی روسیا.
پۆتین پلانەكەی بە سەركەتوو وەسفكردووە, كە بەهۆیەوە دەزگا ئەمنیەكان دەیان شانەی ئۆپۆزسیۆنیان لەسەرانسەری روسیا ئاشكراكردووە, دوای ئەوەی چونەتە پاڵ قافڵەكەی ڤاگنەر كە بەرەو مۆسكۆ چووە.
هێزەكانی خۆرئاوا, ئامادەكاریەكان كردووە بۆ پرۆسەیەكی سەربازی فراوان دژی هێزەكانی روسیا لەئۆكرانیا, هەوڵیان داوە گورزێك لەناوقوڵایی روسیا بوەشێنن, پێش دەستپێكردنی هێرشەكە, بەڵام جوڵەكەی ڤاگنەر پلانەكەی شكستپێهێناون.
پۆتین بە رەئیسی وتووە, پریگۆژین سەرۆكی شكڵی ڤاگنەر بووە, ئەو گروپە لەژێر هەژموونی تەواوەتی خۆیدا بووەو سەرۆكی ڤاگنەر تەنها بەكارهێنراوە لەو جوڵەیەدا, پێشئەوەی رێگەی پێبدرێت لە بیلاروسیا خانەنشین بێت.
لێدان لە قوڵایی روسیا, پرۆسەكەی ئۆكرانیای شكستپێهێناوە بۆ گێڕانەوەی ئەو خاكەی مۆسكۆ كۆنتڕۆڵیكردووە.
رەئیسی سەرسامی خۆی بە لێزانی پۆتین پیشانداوە, لە كۆتایهێنان بەكێشەی یاخیبونی ڤاگنەرو كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە.