یانەى ئینتەر میلانى ئیتاڵى لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە لە سایتى فەرمى خۆى لە ئینتەرنێت بڵاویکردووەتەوە ئاشکرایکرد، گرێبەستى لەگەڵ مارکۆس تورامى فەڕەنسى هێرشبەرى یانەى بڕوسیا مونشنگلادباخى ئەڵمانى ئەنجامداوە.
ئینتەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەى بە بڕ و ماوەى گرێبەستەکە نەکردووە، بەڵام بەپێى ڕاگەیاندنەکان تورام واژووى لەسەر گرێبەستێکى پێنج ساڵى کردووە، کە هاوینى 2028 کۆتایى دێت.
تورام، کە کوڕى لیلیان تورامى بەرگریکارى پێشووى هەڵبژاردەى فەڕەنسایە، بەبێ بەرامبەر پەیوەندى بە ئینتەرەوە کرد، لەبەرئەوەى لە کۆتایى حوزەیرانى ڕابردوو گرێبەستەکەى لەگەڵ مونشنگلادباخ کۆتایى هات.
تورام بۆ چوار وەرز یارى بۆ مونشنگلادباخ کرد، کە هاوینى 2019 لە یانەى گانگۆنى فەڕەنسییەوە پەیوەندى پێوەکرد، لەو ماوەیەدا 44 گۆڵ و 29 ئەسیستى لە 134 یاریدا تۆمارکردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا.
مارکۆس تورامى 25 ساڵ لە وەرزى ڕابردوودا لەگەڵ مونشنگلادباخ بەشدارى لە 32 یاریدا کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، 16 گۆڵ و حەوت ئەسیستى تۆمارکردووە.