هەپەگە ئاماری شەڕی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

هەپەگە بڵاوى کردەوە، لە مانگی حوزەیراندا گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ٤٥ چالاکییان دژى سوپاى تورک ئەنجامداوە و ٤٤ سەرباز و کۆنترایەک سزادراون، دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیش دوو هەزار و ٣٤١ جار سەنگەرەکانى بەرخودانى بۆردوومان کردووە.

هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامارى شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانى لەگەڵ سوپاى دەوڵەتى داگیرکەریى تورک، لە مانگى ڕابردوودا بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک دەیەوێت هەموو کۆمەڵگا و گەلانی تورکیا بکاتە تورک و سوننی و بۆ ئەوەش چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە، بە هەمان ئەقڵییەتی فاشیستییەوە ئەشکەنجەی دەروونی و گۆشەگیریی لەسەر رێبەر ئاپۆ درێژەپێدەدات، هەروەها هێرشی کۆمەڵکوژیی لەسەر گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان درێژە پێدەدات و لەو هێرشانەی بۆ کۆمەڵکوژیی گەلی کورد ئەنجام دەدرێن، گەورەترینیان لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانە.

ئەوەشیان ڕاگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا سەنگەرەکانى بەرخودان لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە ١٢٧ جار بە فڕۆکەی جەنگى، ٤٠ جار بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر، دوو هەزار و ١٤٨ جار بە کاتیۆشا، تانک و چەکی قورس بۆردوومان کراون و ٢٦ جار بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی بەکارهێنراون و بۆ ڕووخاندنی سەنگەرەکانمان بە حەفارەش هێرشیان ئەنجامداوە.

باس لەوەشکراوە، هێزەکانمان، کە لە دژی دوژمن لە دۆخی خۆپاراستنی ڕەوادان، لە ١٣ـی حوزەیران بەدواوە کەوتنە دۆخی چالاکیی کارا و گورزی قورسیان لە سوپای تورک وەشاند و لە دژی هێرشەکانی دوژمن گەریلاکانمان لەو مانگەدا ٤٥ چالاکییان ئەنجامدا و لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا کۆنترایەک و ٤٤ داگیرکەر سزادران و هەروەها ئۆتۆمبێلێک ، سیستمێکی کامێرای حەراری و سیستمێکی ڕادار تێکشکێندران.

هەروەها هەپەگە ڕایگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا، ١١ گەریلایان شەهید بووە

پەیوەندیدار