مەزلوم كۆبانێ داوای لە هەموو هێزە سیاسی و سەربازییەكان گەلی كورد كرد، بەبێ هیچ مەرجێك و بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ یەكخستنی هێز و گوتارەكانیان، هەروەها بەردەوام بن لە خەبات و بەرخۆدان و بە وردی قۆناغەكە هەڵسەنگێنن، بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە لە بەردەست كورددایە بەفیڕۆ نەچێت.
ئەمڕۆ، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە كۆنفراسی نێودەوڵەتی پەیمانی لۆزان لە هاوینە هەواری شێتۆ لە شاری حەسەكە كرد، كۆنفراسەكە لە ژێر ناوی “لۆزان: ڕاستكردنەوەی ڕێگا و پرسەكانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە” بەڕێوەچوو.
كۆبانێ ، ڕایگەیاند، ئەو سیاسەتەی نكۆڵیكارەی كە لە پەیمانی لۆزان دەستیپێكردووە بە ئامانجەكانی نەگەیشتووە و شكستی هێناوە، ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كورد ژمارەیەكی گرنگە و دەرفەتی ئەوەی هەیە، كە مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێت، هەروەها هۆكار و بوونمان لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵ و چالاكییەكانمانە.
ئاماژە بەوەش كرد، لەڕێگەی ئەو قوربانییە گەورەیەی كە كورد داوییەتی، ئەمڕۆ دەستكەوتی گەورەی بەدەستهێناوە لە بەشێكی كوردستان، هەروەها كورد بەگشتی بەدوای زامنكردنی مافە دەستبەسەرداگیراوەكانیدایە، لە باشوور، ڕۆژهەڵات، باكوور و ڕۆژئاوایی كوردستان.
فەرماندەی گشتی قەسەدە دەشڵێت: پێویستە بەدوای ڕێگایەكدا بگەڕێین بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی لە باشووری كوردستان هەیە، دەبێت بپارێزرێت و پاڵپشتی بكرێت، لە باكووری كوردستانیش هەوڵ و بەرخۆدانی گەورە ئەنجام بدرێت، بۆیە دەبێت لە باكوور پشتیوانی گەلەكەمان بكەین، شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێویستی بە گردبوونەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە ئامانجەكانی، بەهەمان شێوەش لە ڕۆژئاواش.
مەزلوم كۆبانێ باسی لەوەش كرد، لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكان و وەڵامدانەوەی قۆناغی ئێستای كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوای لە گەلی كورد و هێزە سیاسی و سەربازییەكان دەكەین، بەردەوام بن لە خەبات و بەرخۆدان، بەبێ هیچ مەرجێك هێز و گوتارەكان یەكبخەن، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ قۆناغەكە بكەن، بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتانەی ئەمڕۆ لەبەردەستی كوردن بەفیڕۆ نەچێت.
جەختی لەوە كردەوە، هێزەكانی سووریای دیموكرات ئامادەن بۆ هەر جۆرە دیالۆگ و یەكخستنی هێزەكان بۆ دۆزی كورد بەبێ هیچ مەرجێك، وەك چۆن لە پێشوو تردا كاركراوە بۆ یەكخستنی هەوڵەكان لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژئاوا.
لەكۆتایشدا وتی: لەڕێگەی دەستپێشخەرییەكمان بۆ یەكخستنی هێز و لایەنە سیاسییەكانی ناوچەكە توانیمان بگەینە نەخشە ڕێگەیەكی سیاسی، بەڵام وەستا و بەردەوام نەبوو، هەروەها ئێمە ئامادەین بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو گفتوگۆیانە لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییە كوردییەكان، قۆناغ قۆناغی یەكخستنی هەوڵەكانە، هیوادارین لایەنە كوردییەكان بگەڕێنەوە سەر مێزی دیالۆگ.