بەریتانیا بە بیانووی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ سزای نوێی بەسەر بەرپرسان و دامەزراوە ئەمنییەكانی ئێراندا سەپاند.
ئەمرۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێكیدا بڵاویكردۆتەوە، سزای بەسەر (13) بەرپرس و دامەزراوەی ئێراندا سەپاندووە كە لەناویاندا دامەزراوەی ئەمنیش هەن.
ئاماژە بەوەشكراوە، سزاكان بەڕێوەبەرانی زیندانەكان كە چاودێری ئەشكەنجەدان و ئەنجامدانی (مامەڵەی نامرۆڤانە) لە ئێران دەكەن، ئەو دامەزراوانەی كە ئەركیان كۆكردنەوەی زانیاری تایبەتە بۆ ئێران.
هەروەها ئەوەش هاتووە، ئەو كەسانەی كە لە ڕێگەی یاسا بەزۆر سەپێندراوەكانی تایبەت بە بەستنی سەرپۆش سەركردایەتی چەوساندنەوەی ژنان دەكەن، دەكەنە ئامانج.
سزاكان بریتین لە قەدەغەكردنی گەشتكردن، بلۆككردنی سەروەت و سامانەكانی ئەو كەسانە لە بەریتانیا، ئەمەش ڕێگری دەكات لە رێكخراوەكانی بەریتانیا كە بازرگانی لەگەڵ كەسانی سزادراودا بكەن.