رۆژنامەیەکى عەرەبى ئاشکراى دەکات کە سودانى بۆ رازیکردنى نورى مالیکى دەستیکردوە بە دورخستنەوەى لایەنگرانى حەلبوسى و ئاشکرایشیدەکات کە کار بۆ دورخستنەوەى یەکجارى حەلبوسى دەکرێت لە پۆستەکەى.
رۆژنامەى ئەلعەرەب بڵاویکردوەتەوە کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە کار بۆ لابردنى لایەنگرانى حەلبوسى لە پۆستە ئەمنیی و سەربازییەکان دەستیپێکردوە و تا ئێستا چەند کەسێکیان لە پۆستەکانیان دور خستوەتەوە.
رۆژنامەکە ئەم هەنگاوەى سودانى دژ بە محەمەد حەلبوسى بۆ چەند ئەگەرێک گەڕاندوەتەوە و یەکێکیش لەو ئەگەرانە بۆ رێککەوتنى سودانى و مالیکى دەگەڕێنێتەوە تا سودانى گەرەنتى مانەوەى لە پۆستەکەى بکات لە هەڵبژاردنى داهاتوودا.
رۆژنامەکە هۆکارێکى دیکەى ئەم دژایەتیکردنەى سودانى بۆ حەلبوسى گەڕاندوەتەوە بۆ پڕۆژەیاساى بودجە و دەڵێت: سودانى پێى وایە کە کۆمەڵێک بڕگەى یاساى بودجە لەلایەن حەلبوسییەوە دژى کابینەکەى سودانى زیاد کراوە.
هەروەک ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق داواى لە سەرۆک کۆمارى عێراق کردوە کە ببێتە نێوەندگیر بۆ چارەسەرى ئەم ناکۆکییە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوتو بێت.