جۆ بایدن: ئەمریکا دوایین کۆگەکانی چەکی کیمیایی لەناوبرد جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوایین کۆگەکانی چەکی کیمیایی خۆی لەناوبرد، بەمەش ئەو پرۆسەیە تەواو بوو کە لە ساڵی 1997 دەستی پێکرد کاتێک ڕێککەوتنی جیهانی واژوو کرا بۆ قەدەغەکردنی ئەم چەکە کوشندانە.
بایدن، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: “ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە ئەمریکا ماندوو نەناسانە کار دەکات بۆ لەناوبردنی کۆگەی چەکە کیمیاییەکانی.
ئەمڕۆ من دڵخۆشم بۆ ئەوەی ئەوە ڕابگەیەنم کە ئەمریکا دوایین کۆگەکانی چەکی کیمیایی لەناوبرد، ئەمە هەنگاوێک بەرەو جیهانێکی خاڵی لە مەترسییەکانی چەکی کیمایی نزیکمان دەکاتەوە”. بایدن هانی وڵاتانی دیکەی جیهانی دا بۆ واژووکردن ڕێککەوتنی ساڵی 1997 لەپێناو ئەوەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە جیهاندا بگاتە تەواوی سنووری خۆی.
ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی پێنجی ئەمساڵ فێرناندۆ ئاریاس بەرێوەبەری رێکخراوی جیهانی لەناوبردنی چەکی کیمیاوی ئاماژەی بەوەدابوو، لەماوەی رابردوودا رێکخراوەکەیان سەرپەرشتی لەناوبردنی 70 هەزار تۆن چەکی کیمیاوی کردووە.