رۆژنامەی ئەلعەرەب بڵاویکردووتەوە، تورکیا رازی نییە دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەریم بکرێتەوە چونکە قازانجى کەمتر دەکات کاتێک مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، وەک ئەوەى لەگەڵ هەرێم کردویەتى. دەشڵێت، “شاندێکی عێراق بۆ گفتووگۆکردن لەسەر ئەو پرسە دەچنە تورکیا.”
ئەمڕۆ سێشەممە، رۆژنامەى ” العرب ” لە راپۆرتێکدا دواین گۆڕانکارییەکانى پەیوەست بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا شاندێکى عێراق بچێتە تورکیا و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنى تورکیا بکات بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم.
باسی لەوەشکردووە، تورکیا تا ئێستا رازى نیە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم و بابەتەکە لە ئابورىى چووەتەدەرەوە و بووە بە سیاسی، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستى باڵا هەردوو وڵات جارێکى دیکە رێکبکەونەووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لایەنى تورکیا تەنها لارییان لەوەوە نیە کە پێویستە بەپێى بڕیارى دادگاى پاریس ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بدەنەووە بە عێراق، بەڵکو نیگەرانیشن لەوەى تورکیا قازانجى کەمتر دەکات کاتێک مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، وەک ئەوەى لەگەڵ هەرێم کردویەتى.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو، پێش جەژنى قوربان شاندێکى تورکیا سەردانى بەغدایان کردووە، بەڵام نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەگەڵ لایەنى عێراقى و پێویستە لەسەر ئاستى باڵا عێراق و تورکیا جارێکى دیکە رێککەوتن بکەن.
لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەناوی ئابووری سەربەخۆوە هەر بەرمیل نەوتێکی بە نزیکەی نۆ دۆلار دەدا بە تورکیا و بەشێکی داهاتەکەش دەچوو بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان نەک خەزێنەی حکومەت.
هەروەها لەکاتێکدا ماوەى 110 رۆژە هەناردەى نەوتى هەرێم لە رێگەى تورکیاوە راگیراوە و تائێستا عێراق و تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتی هەرێم ریکنەکەوتوون، چونکە لایەنى تورکیا رازى نین بڕى ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بدەن بە عێراق، بەو پێیەى دادگاى پاریس رایگەیاند، تورکیا پێشێلى رێککەوتنى لەگەڵ عێراق کردووە و نەوتى هەرێمى کوردستانى سەربەخۆ هاوردە کردووە.
kurdiu