رووسیا: لەسه‌ر ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ وەڵاممان دەبێت

وتەبێژی کۆشکی کرێملین ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی رووسیا دەبێت، بۆیە بەگوێرەی رێوشوێنەکان وەڵامیان دەبێت.

دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تورکیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ پابەندییەکانی خۆی بەجێهێناوە، بەڵام ئاماژە بەوەشدەکات کە مۆسکۆ و ئەنقەرە خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشن و دەڵێت: “بەنیازبووین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زیاتر پەرە پێبدەین.”

ئه‌وه‌ش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە ئەنقەرە رازی بوو رێگە بە ستۆکهۆڵم بدات ببێتە ئەندامی ناتۆ و بڕیارە پرۆسەکە بچێتە پەرلەمامی تورکیا، هەنگاریاش دەڵێت پرۆسەکە تەنیا ‘هەنگاوێکی تەکنیکی’ ماوە.

لە 4ی نیسانی 2023ـش فینلاند بووە 31ـەمین ئەندامی ناتۆ دوای ئەوەی لە لایەن 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانییەتەکە رەزامەندی لەسەر درا.

پەیوەندیکردنی هەردوو وڵاتەکە بە ناتۆ لەکاتێکدایە، لە 24ی شوباتی 2022 رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا دوای ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا نەیانتوانی بە نووسراو گەرەنتی بدەنە مۆسکۆ کە وڵاتەکە نابێتە ئەندام لە رێکخراوەکە.

رووسیا دەڵێت هاوپەیمانێتیی ناتۆ سنوورەکەی بە ئاراستەی رووسیا لە هەڵکشانە و هۆشداریشیداوە لە دانانی چەکی ئەتۆمی لەنزیک سنوورەکانی.

پەیوەندیدار