کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق : ناتوانین دو هەڵبژاردن لە یەك كاتدا بەڕێوەببەین

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لانیکەم پێویستییان بە شەش تا حەوت مانگ هەیە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بكەن، ناشتوانن هەردو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا بەڕێوەببەن.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبارەی نوسراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکردبو، کۆمیسیۆنەکە رۆژی 18ی 11 یان 18ی 12ی ئەمساڵ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، بە میدیای پارتی وتوە،”کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان چەندین جار دوپاتیکردوەتەوە ئامادەیە سەرپەرشتیی هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە كە ناتوانین هەردو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا بەڕێوەببەین و لانیکەیم پێویستیمان بە شەش تا حەوت مانگ هەیە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین”.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، “له نوسراوێكى فه‌رميدا كه‌ به‌روارى دوشه‌ممه 10/7/2023 به‌ واژۆى به‌ڕێز سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق كراوهو دانه‌يه‌كيشى به‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان دراوه‌‌، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان داواى كردوه كۆمسيۆن ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.”

سەرۆكایەتی هەرێم وتبوشی”له‌ نوسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێميى ژماره‌ (90) له‌ 26/3/2023، بڕيار دراوه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ڕۆژى18/11/2023 به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى كردوه‌ كۆميسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌ به‌روارى دياريكراودا، يانيش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا‌كانى عێراق له‌ به‌روارى 18/12/2023.”

پەیوەندیدار