لە مانگی رابردوو سوید کۆمەڵێک یاسای توندی دەرکرد بۆ بەنایاسایی کردنی پێدانی هاوکاری ماددی بۆ گروپە قەدەغەکراو و «تیرۆرستییەکان» کە تێیدا ئەوەی سەرنجی خراوەتەسەر پەکەکە، یەپەگە، پەیەدە، هەروەها رێکخراوی فەتۆیە.
لەنێو سویدا ژمارەی کورد لەنێوان 150 هەزار بۆ 200 هەزار کوردایە و بەشێکی زۆریان چالاکوانن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە سەر بە پەکەکە بن.
لە سەرەتادا تورکیا تەنها داوای 33 کەسی دەکرد لە سوید کە تۆمەتبار بوون بە پەیوەندی بە «ڕێکخراوی تیرۆرستی» بەڵام لە سەرەتای ئەم ساڵەوە داواکارییەکەی ئەنقەرە بەرزبوویەوە بۆ 130 کەس.
لە هەفتەی رابردوودا، دادگای ستۆکهۆڵم کوردێکی بەناوی یەحیا گونگۆر بە چوار ساڵ و شەش مانگ سزادا بە تۆمەتی ئەوەی هاوکاری دارایی پەکەکەی کردووە لە سوید. بەپێی بڕیاری داداگەکە یەحیای تەمەن 41 ساڵ دوای تەواوکردنی سزاکەی دیپۆرت دەکرێتەوە بۆ سوید.
یەحیا تەنها کورد نییە کە یاسا نوێیەکانی سوید بەسەریدا بسەپێنرێت. پێشتر و لە مانگی کانونی یەکەمی 2022، مەحمود تات لەلایەن سویدەوە گەڕێندرایەوە بۆ تورکیا. مەحمود تات پیشەی شۆفێری پاس بوو لە شاری دەرسیم و بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە پەکەکەوە نزیکەی حەوت ساڵ لەلایەن تورکیاوە بە غیابی سزادرا. مەحمود تات لەساڵی 2015 گەشتە سوید و داوای مافی پەنابەرێتی کرد.
بەهۆی فشارەکانی تورکیاوە، ژیانی کوردانی تاراوگە لە سوید زۆر سەختتر بووە. جەلیل توران کوردێکە کە ماوەی هەشت ساڵە لە سوید دەژی و بۆ گۆڤاری فۆرن پۆلەسی ئەمریکی قسەی کردووە و دەڵێت: بەهۆی ئەوەی تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە بۆ دروستکراوە، مافی پەنابەرێتی لەلایەن سویدەوە رەتکراوەتەوە.
جەلیل توران بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە کە ئەو بەشداری لە هیچ چالاکییەکی چەکداری نەکردووە بەڵام تەنها لە شەڕی داعشدا وەک کەسێکی پزیشکی یارمەتی کەسانی برینداری داوە لە رۆژاڤا. توران باسی لەوەشکردووە، کە دووجار ویستویەتی خۆی بکوژێت بەهۆی ترسی ناردنەوەی بۆ تورکیا.
زنار بۆزکورت یەکێکی ترە لەو کوردانەی لە سوید کێشەی بۆ دروست دەکرێت و لە ئابی 2022 لە ماڵەکەی خۆیدا گیرا و فەرمانی رادەستکردنەوەی بۆ تورکیای بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی چەند هەڵمەتێکی رێخکراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بڕیارەکە هەڵوەشایەوە. هەرزوو میدیاکانی تورکیا باسیان لەوەکرد کە سوید زنار بۆزکورتی تەمەن 26 ساڵ بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکراوە.
زنار لە ئێستادا خاوەنی رەگەزنامە و مۆڵەتی مانەوە نییە لە سوید و داواکەی لە ساڵی رابردوودا رەتکرایەوە، ئەوەش لەسەر داواکاری ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی سوید. زنار بە فۆرن پۆلەسی راگەیاندووە کە پێش ئەوەی داواکەی رەتبکرێتەوە لەلایەن ئاژانسەکەی سویدەوە بانگێشتی چاوپێکەوتنێک کراوە و لەوێ پێیانوتووە لە هەژماری ئینستاگرامەکەیدا چەند وێنەیەکی ئەویان لە خۆپیشاندانێکدا بینیووە کە ئاڵای پەکەکەی تێدا هەڵکراوە.
hawlaty