دواین چالاکی کە لەلایەن دەستەی بە گژداچوونەوەی مادەی هۆشبەری عێراقی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکەی دروستکردنی حەبی “کەپتاگۆن”بوو لە باشووری عێراق، ئامارەکانیش ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە لە 8 مانگی رابردوودا 10 هەزار کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
راپۆرتە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە %85 ئەو ماددە هۆشبەرانەی دێنە نێو خاکی عێڕاق بەشێوەی قاچاخ لە وڵاتی ئێرانەوە دێت و ئەوەی دیکەشی لە وڵاتی سوریاوە، ئاماژە بەوەشکراوە کە عێراق جاران تەنیا گوازەرەوەیەکی مادەی هۆشبەربوو بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و تورکیا، بەڵام لەکاتی ئێستادا بەکارهێنەرێکی سەرسەختی مادەی هۆشبەرە بەتایبەتی لەلایەن مێردمنداڵان و گەنجان.