وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوەی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەی پەسەندکرد.
ڕۆژی سێشەممە،خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسایەکی تایبەتی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوەی رژێمی بەعسی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان پەسەندکرد.
وەزیری دادی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ووتی: ئەم پڕۆژەیاسایە هەڵوەشاندنەوەی 9 بڕیار دەگرێتەوە کە لە ساڵی 1976 بەدواوە، زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمانی کەرکووکی پێ داگیر کراوە.
گوتیشی، ئەم پڕۆژەیاسایە پێشتر لە لایەن هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت خرابووە نێو بەرنامەی کاری حکومەت و لە ماوەی رابردوودا زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خالید شوانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەم پرۆژەیاسایە جگەلە کەرکووک، سەرجەم ناوچە دابڕێندراوەکان دەگرێتەوە و زیان لە هیچ پێکهاتەیەکی دیکەی ئەو ناوچانە نادات و ئەوانەشی لەم پرۆژەیاسایەش زەرەرمەند دەبن، ئەوا قەرەبوو دەکرێنەوە.