تائێستا 281 حزب خۆیان تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان عێراق ڕایدەگەیەنێت،”تا ئێستا 281 حزب خۆیان تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا”.

عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندووە،” كۆبوونەوەی ئەم دواییەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران و سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن و ئەندامانی ئەنجومەن جەختی لەوە كردەوە، كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت”.

ئاماژەی بەوەشداوە،”زانیاری زیاتر لە 120 هەزار دەنگدەر لە سەرەتای پرۆسەی نوێكردنەوە لە 9ـی تەمموزەوە تا ئێستا نوێ كراوەتەوە، هەروەها ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی مافی دەنگدانیان هەیە 15ملیۆن كەسە كە كارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بكەن”.

روونیشیكردووەتەوە،”سێ ملیۆن كەس كارتی ئەلیكترۆنییان هەیە، بەڵام دەبێت نوێبكرێتەوە، گەر نا ناتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداربن، بۆیە پێویستە سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردن دەكەن”.

ئەوەشیخستەڕوو،” ژمارەی ئەو حزبانەی ناوی خۆیان تۆمار كردوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان گەیشتووەتە 270 حزب بوو، بەڵام دەستەكەیان 11 حزبی نوێی مۆڵەتپێدراوی دیكەیان پەسەندكرد، بەمەش ژمارەی حزبەكان بۆ 281 حزب زیادیكرد، هەروەها هەشت بۆ نۆ حزبی دیكەش ڕێوشوێنەكانیان تەواو كردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا مۆڵەت وەر دەگرن”.

جێگەی باسە،حكومەتی عێراق 18ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكردووە.

پەیوەندیدار