ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕه‌نسی بڵاوی كرده‌وه: به بڕیاری (ئیلین كانون) دادوه‌ری دۆسیه‌كه، 20ی ئایار، واته مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو پڕۆسه‌ی دادگایی دۆناڵد تڕه‌مپ له به‌رده‌م لیژنه‌ی سوێندخۆران له دۆسیه‌ی خراپ به‌كارهێنانی تۆمار و به‌ڵگه‌نامه حكومییه‌كان ده‌ست پێده‌كات.
دۆناڵد تڕه‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا له نێوان سه‌رجه‌م سه‌رۆكانی ئه‌مریكا له مێژوودا، یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌یه ڕووبه‌ڕووی تۆمه‌تی تاوانكاری ده‌بێته‌وه.
پێشتر داواكاری گشتی داوای كردبوو دادگاییه‌كه‌ی دۆناڵد تڕه‌مپ له كاوونی دووه‌م، واته مانگی 12ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچێت، لای خۆیشیانه‌وه پارێزه‌رانی به‌رگری له تڕه‌مپ داوایان كردبوو دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له تشرینی دووه‌م، واته مانگی 11ی ساڵی داهاتوو، به‌ڕێوه بچێت.
ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕابردووش داواكاری گشتی فیدڕاڵی ئاگادارییه‌كی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا كرد و پێی ڕاگه‌یاند ناوبراو له دۆسیه‌ی هێرشكردنه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێسیش له سه‌ره‌تای ساڵی 2021 لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و دوور نییه له‌و دۆسیه‌یه‌شدا تۆمه‌تی ئاڕاسته بكرێت.