لە یەكەم یاری خۆیدا لیۆنێل میسی بردنەوەی بۆ ئینتەر میامی بەدەستهێنا

لە جامی خولەکانی ئەمریکا میسی لە یەکەم بەشداریکردنیدا و لە دوا خولەکدا بردنەوەی بۆ ئینتەر میامی بەدەستهێنا.

لە دەستپێکی یارییەکانی جامی خولەکان کە لە نێوان یانەکانی ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا ئەنجامدەدرێت، یانەی ئینتەر میامی بە ئامادەبوونی 21 هەزار هاندەر میوانداری یانەی کروز ئازۆلی مەکسیکی کرد.

تایمی یەکەم بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە سوودی ئینتەر میامی کۆتاییهات، گۆڵەکەش رۆبێرت تایلۆر لە خولەکی 44 تۆماریکرد.

لە تایمی دووەمدا و لە خولەکی 65 ئۆرێل ئەنتۆنا گۆڵی یەکسانی بۆ کروز ئازۆل کردەوە بەلام دواتر و لە خولەکی 94 لیۆنێل میسی لە یەکەم بەشداریکردنیدا بە لێدانێکی راستەوخۆی نایاب گۆڵی دووەمی ئینتەر میامی کرد و سەرەنجام یاریەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە سوودی یانەکەی کۆتایی پێهێنا.

بەو ئەنجامە، ئینتەر میامی بە کۆکردنەوەی سێ خاڵ لە پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی ناوچەی باشووردا دەبینرێت و کروز ئازۆل لە پلەی سێیەمدایە.

پەیوەندیدار