پاش سەد ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان گەلی کورد پێویستی بە ستراتیژێکی نوێیە!

لە 24ی تەمموزدا، سەدەیەک بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان تێپەڕ دەبێت، جگە لە دابەشکردنی کوردستان لە دوای شەڕی چاڵدێرانەوە بەسەر هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی دا، پەیمانی لۆزان
کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە خاک و خەڵکەوە بۆ سێ بەش دابەشکرد. ئەم دابەش دابەش کردنەی کوردستان بەبێ ویست و خواستی گەلی کوردستان ئەنجامدرا. لە پاش کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی پەیمانی لۆزان کە جێگەی پەیماننامەی سیڤەری گرتەوە، لە یەک کاتدا هەم گەلی كوردستانی لە مافی بڕیاردانی چارەنووس بێبەش کرد، کە لە ماددەکانی (62، 63، 64) ی پەیماننامەی سیڤەردا بەرجەستە ببوو ، هەم گەلی کوردستانی لەگەڵ ڕەوشێکی دژوار و ناهەموار و سیاسەتێکی نوێی کۆلۆنیکردن ڕووبەڕوو کردەوە.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد لە سۆنگەی ئەم دابەشکاری و داگیرکاریە نوێیەدا، جینۆساید کرا، کۆچی بە زۆرەملێی پێ کرا، نکۆڵی لە بوون و لە ناسنامەی نەتەوەیی کرا، نەک هەر مافی خۆبەڕێوەبەریی لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانە پێ نەدراوە، بەڵکو مافی خوێندن و نووسین و ئاخافتن بە – زمانی دایک – زمانی کوردی لێ قەدەغە کرا. تەنانەت حکومەتی تورکیا بە پێچەوانەی ئەوەی لە ماددەی 38 ی پەیماننامەی لۆزان هاتووە کە” بەڵێنی دابوو بە زامنکردن و پاراستنی ژیان و ئازادی دانیشتوانی تورکیا بەبێ جیاکاریی لە نێوان نەتەوە، زمان، ڕەگەز و ئایین” ڕەفتاری کرد، بە دەستوور یەک نەتەوە و یەک زمانی پێڕەو کرد، نکۆڵی لە کوردبوون، لە زمان و لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد کرد، ئەو سیاسەتە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستییە لە سوریاش پێڕەو کرا و هەتا ئێستا هەر بەردەوامە. لە بەرانبەر ئەو ڕەوشە داسەپاوە گەلی كوردستان چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینی بەرپا کرد، بە سەدان هەزار شەهید و قوربانی داوە، لێ داخوازییە ڕەواکانی بە ئاگر و ئاسن وەڵام درایەوە.
بۆیە ئێستاش گەلی کورد باجی دابەشکاری و ئەم سنوورە دەستکردانە دەدا، کە بە پێچەوانەی ویستی خۆی کێشراوە و بە سەریدا سەپێندراوە. سەد ساڵە گەلی کورد لە نێو تەلیسمی پەیمانی لۆزان ژیان بەڕێ دەکات، سەد ساڵە گەلی کورد شەڕی مان و ماف و ئازادی دەکات، هێشتا گەلی کورد لەسەر خاکی نیشتمانی خۆی، هاوتای نەتەوەکانی دیکەی هەرێمەکە خاوەن ماف و ئازادی و سەربەخۆیی خۆی نییە، هێشتا وەکوو گەلێکی ژێردەستە لە نێو ئەو دەوڵەتانە بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی پێشێل دەکرێت. بەرپرسیارێتی ئەم ڕەوشە و نەهامەتییەکان، کۆمەڵکوژی، گۆڕینی دیمۆگرافی، دواکەوتنی باری ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کۆلتوری و شارستانی کە لەو سەد ساڵەدا بەسەر گەلی کورد هاتووە، لە ئەستۆی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و لە ئەستۆی بەریتانیا و فەڕەنسا و بەرەی “وڵاتانی هاوپەیمان” دایە.
لە کاتێکدا کە سەد ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان تێدەپەڕێ، جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە هەڵکشان و داکشانی گەورە دایە، گەلی کوردستان لە ڕووداوەکانی سێ دەیەی ڕابردوو لە ناوچەکەدا، سەنگ و قوڕسایی خۆی نیشانی دۆست دوژمنانی داوە و لە دابینکردنی تەناهی و سەقامگیریی ناوچەكە ڕۆلی هەبووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە کایەی سیاسی بەشداری هەیە، بۆ ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ خەباتەکەی بباتە پێشەوە، لە بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی نزیکتر ببێتەوە، پێویستە بە هەڵسەنگاندنی بابەتیانە و بە تێگەیشتن لە ململانێی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەد ساڵ خەبات بە ستراتیژێکی نوێ و یەکانگیر لەگەڵ پەرەسەندنە سیاسییەکان و ڕەوتی ڕووداوەکان، پەرە بە تێکۆشان بدات.

یەک: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی:
پێویستە پەرە بە خەباتی دیپلۆماسی بدرێ، لەسەر بنەمای ئەوەی گەلی كوردستان، وەکوو هەر گەل و نەتەوەیەکی دیکە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆی مافی بڕیاردانی چارەنووسی هەیە، بە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستانیشەوە. دەبێ ئەم ئامانجە بێ پێچ و پەنا ستراتیژی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بێ، لەو پێوەنشدا ؛
– داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێ، زوڵم و ستەمی پەیمانی لۆزان لەسەر گەلی کورد لاببات.
– دەبێ کار بکرێت گەلی کوردستان بە سیفەتی چاودێر نوێنەرێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێ.

دوو : لەسەر ئاستی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە :
دەبێ لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا، خەبات پەرەی پێ بدرێت بۆ داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و یەکسان لە نێوان نەتەوەکاندا و مسۆگەرکردنی مافی خۆبەڕێوەبەریی بەپێی پێویستیەکانی قۆناخەکە.

سێ: لەسەر ئاستی نێوەخۆیی دا:
پێویستە گەلی کورد و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان خاوەنێتی لە ستراتیژێکی کوردستانی ڕوون و ڕاشکاو بکات، هەم لەسەر ئاستی بەشەکانی و هەم لەسەر ئاستی کوردستانی یەکێتی و یەکڕیزی خۆی پێک بهێنێ. ئەگەر لە سەدەی ڕابردوودا فاکتەری دەرەکی بەربەستی سەرەکی بووبێ لە پێش خەباتی گەلی کورد، نابێ لەو سەدەیەدا نەبوونی یەکڕیزیی کورد خۆی ئاستەنگ و بەربەستی بەردەم بەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانی گەلەکەمان بێت.

مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
22ی تەمموزی 2023 

پەیوەندیدار