پارێزگاری بانکی ناوەندی دەڵێت، ھۆکاری بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بۆ زیادبوونی خواست دەگەڕێتەوە بەراورد بە خستنەڕوو، جەختیشدەکاتەوە لەوەی بانکی ناوەندی بەردەوامدەبێت لە رێکارەکانی تایبەت بە پشتیوانیکردنی بەھای دینار.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەکرد، بانکی ناوەندی ھەوڵدەدات ھاوسەنگییەک لەنێوان خواست و خستنەڕووی دۆلار دابین بکات، ھەروەھا چاودێری دراوی بیان لەنێوان ناوخۆ و دەرەوەش دەکات لەرێگەی دەروازە سنورییەکان و کەناڵە فەرمییەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بنەمایەکی گرنگ ھەیە بۆ جێگیرکردنی بەھای دراو ئەویش بریتییە مامەڵەکردنی دراوی بەشێوەی کاش و بانکی بەھەمان نرخ، بەڵام گرفتی ئەوان ئەوەیە کە لەئێستادا خواست لەسەر دراوی بیانی لە خستنەڕوو زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆلار بە نرخی فەرمی و بەگوێرەی رێنماییەکان، لە پەنجەرەی ئەلیکترۆنیەوە بەردەستە.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بانکی ناوەندی رێنماییەکی دیکەی بەمەبەستی پشتیوانی بەھای دینار دەرکرد، بەگوێرەی رێنماییەکەش کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانن داواکاری پێشکەش بە بەشی ژمێریاری بانکی ناوەندی بکەن بۆ کردنەوەی ھەژمار بە دینار و دۆلار، لەو رێگەیەشەوە گەشتیار دینار دەداتە بانک و بانکیش دۆلاری بەنرخی فەرمی پێدەدات.