پاش سڵاووڕێزمان
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەگشتی و لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ، دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژووی بۆ کۆکردنەوەی دەنگی هەموو کوردستانیەکان بۆ بەشداری و هەڵبژاردنی نوێنەری دڵخوازی خۆیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان.
ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە تا ئەمڕۆ ، کە ڕۆژێک ماوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکان .
لایەنە سیاسیەکان نەگەیشتونەتە ئەوەی کە یەک لیستی کورستانی پێکبهێنن کەهێشتا بوار ماوە
ئێمە لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی یەکدەنگی و یەک ڕیزی گەلەکەمان.. داوا لەهەمووان دەکەین ، کە لەئاستی دۆخەکەدا بن وکێشە وگرفتەکانیان دوابخەن بۆ گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە بۆ دوای هەڵبژاردن و هەوڵبدەن لەپێناو پێکهێنانی یەک لیستی کوردستانی ، کە هەموو لایەک بەبێ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی و پێکهاتەیی بەشداری تێدابکەن.
ئەم هەڵبژاردنەو یاساکەی سەرەڕای پاراستنی دەنگی هەموو کوردستانیان ، زامنی دەنگی هەر حزبێک دەکات کە لەلیستەکەدا بەشداری دەکات ، ئەم هەنگاوە بۆ یەک لیستی کوردستانی سەرلەنوێ متمانە دروست کردنەوەیە بۆ ئاشتبونەوە لەگەڵ جەماوەری کوردستانی لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان .
کۆمیتەی ناوەندی
حزبی شیوعی کوردستان
۲۹ی تەممووزی ۲۰۲۳