لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە

دامەزراوەى (عێراق مستەقبەل)، بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاری ئابووری رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 24 ملیار دۆلار بووە.

لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ هەینى بڵاوکراوەتەوە، دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 24.16 ملیار دۆلار، کە بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022 بە ڕێژەی 2.6% کەمیکردووە، بە بەراورد بە نیوەى دووەمى ساڵی 2022 بە ڕێژەی 14.85% کەمیکردووە.

بەپێى ڕاپۆرتەکە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی جیهان لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 2.9 تریلیۆن دۆلار، دوای ئەوەی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا 3.06 ترلیۆن دۆلار بووە، کە بە ڕێژەی 4.67% کەمبووەتەوە.

هەروەها لە مانگی شوباتی رابردوودا، باڵیۆزخانەی چین لە بەغداد، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا (2022)، بڕی 53 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە.

چین یەکێکە لە هاوبەشە هەرە بەهێزەکانی عێراق لە ئاڵوگۆڕی بازرگانییدا، بەشێوەیەک کە گەورەترین هەناردەکەری کاڵای بازرگانییە بۆ عێراق، لەبەرامبەردا عێراق یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەو وڵاتە.

پەیوەندیدار