تەندروستی عێراق: ئەو دەرمانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە کوشندە ناودەبرێت لای ئێمە تۆمارنەکراوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەرمانی کۆڵد ئاوت کە لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکاندا بڵاوبوەتەوە بەوەی کە کوشندەیە، لەلای ئەوان تۆمارنەکراوە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتیدا ڕایگەیاند: دەرمانی ”کۆڵد ئاوت” بەشێوەیەکی فەرمی لای ئێمە تۆمارنەکراوە و پێچەوانەی یاسایە و پێشتر وەزارەت هۆشداری داوە لەبارەی ئەو دەرمانەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەیف بەدر دەڵێت: ناکرێت دەرمانێك دروستبکرێت یاخود بنوسرێت بۆ نەخۆش کە پێشتر تۆمارنەکرابێت و پێچەوانەی یاساکانی وەزارەتی تەندروستی بێت.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕاشیگەیاند: تیمەکانی چاودێری تەندروستی بە بەردەوامی چاودێری سەرپێچیکاران دەکەن و هەر کەسێكیش سەرپێچی بکات سزای توند دەدرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەیینی، ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، شروبی (کۆڵد ئاوت)کە دەرمانێکی هندییە و بۆ چارەسەری پەتای منداڵان بەکاردەهێنرێت، لە مانگی ئازاری رابردوو لە یەکێک لە دەرمانخانەکانی شاری بەغداد کڕدراوە و دواتر لە لایەن تاقیگەی Valisure ی ئەمریکی سەربەخۆوە پشکنینی بۆ کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەنجامی پشکنینەکان لە هەر شوشەیەکی شروبەکەدا %2.1 ی ماددەی گیلاکۆڵ ئەسیلینی تێدایە کە ئەمە 21 هێندەی ئەو رێژە ئاساییەیە کە دەبێت لە شوشەیەکدا هەبێت و پێکهاتەکەی ژەهراوییە و کوشندەیە بۆ منداڵ.

ساڵی رابردوو بەهۆی دەرمانێکی کۆکەی منداڵان نزکەی 66 منداڵ لە وڵاتانی گامبیا گیانیان لەدەستدا.

پەیوەندیدار