بەھۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە، ٤٥٠ گوند و شارۆچکە و کامپ لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بێئاون.
پارێزگای حەسەکە دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا و شەش ناحیەی ھەیە، ھەروەھا سەنتەری شارەکە، ٢٥ گەڕەکی ھەیە و زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار دانیشتووی ھەیە.
پارێزگاکەکە سێ کامپی ئاوارەکانی تێدایە، کە نزیکەی ٥٠ ھەزار کەسیان تێدایە، بەڵام چەند ھەفتەیەکە تورکیا ئاوی وێستگەی عەلووکی لەسەر دانیشتووانی ئەو پارێزگایەی رۆژئاوای کوردستان گرتووەتەوە و بەوھۆیەوە پێنج ناحیە و ٢٥ گەڕەک و ٤٢٢ گوند و سێ کامپی ئاوارەکان بێئاون.
تورکیا دوای داگیرکردنی شارۆچکەی سەرێ کانێ لە ساڵی ٢٠١٩، دەستی بەسەر وێستگەی ئاوی عەلووکدا گرت، لەوکاتەوە ئاو وەک چەکێک دژی دانیشتووانی پارێزگای حەسەکە بەکاردەھێنێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لە ئاستی ئەو پێشێلکارییە بێ دەنگن.