وتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە و تاکو ئێستاش ٣٠ ھاوپەیمانێتی تۆمارکراوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەزار و ٩٧٠ بنکەی کۆمسیۆن بەردەوامە و تاکو ٣١ی تەمووز، تۆماری ٣٦٢ ھەزار و ٥٦٧ دەنگدەر نوێکراوەتەوە، لەو ژمارەیەش دوو ھەزار و ٧٩ حاڵەتی تۆماری نوێی دەنگدەر ھەیە، کە ئاوارەکانی سنووری پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆکن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە ٧٢٥ دەنگدەر و لەو ژمارەیەش ٧٠٦یان لە رەگەزی نێرن و ١٩یان لە رەگەزی مێن.
وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق وتیشی، تاکو ئێستا ٣٠ ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکراوە، کە ٢٠یان ھاوپەیمانی نوێن و ١٠کەی دیکەشیان کۆنن و ھێشتا بڕیاریان نەداوە، بەشداری ھەڵبژاردنەکە دەکەن یان نا.