ئەمڕۆ سێی ئاب، نۆ ساڵ بەسەر داگیرکردنی شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تێدەپەڕێت، کە بەپێی ئامارەکان لەو تاوانەدا زیاتر لە (360) هەزار کوردی ئێزیدی ئاوارە بون و زیاتر لە شەش هەزار 400 ئێزیدی دیکەش کەوتنە ژێر دەستی داعش، تائێستاش چارەنوسی بەشێکى زۆرى هاوڵاتى و رفێنراوی ئێزدی نادیارە کە بە دوو هەزار و 713 کەس خەمڵێنراوە، ماوەى چوار ساڵیشە پەرلەمانى کوردستان ئەم کۆمەڵکوژییەى بە جینۆساید ناساندوە، بەڵام تا ئێستا هیچ قەرەبویەکیان بۆ نەکراوەتەوە.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 ھێزەکانی پێشمەرگە كوردستان و بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەست پێکرد و لە میانی 24 کاتژمێردا، شنگال کۆنترۆڵکرایەوە
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسە؛ بەهۆی دۆخی شنگالەوە ئێستا زۆرینەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانیان دەژین.
رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش؛ هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ، حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات، دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ،
تاوەکو ئێستا رێککەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا جێبەجێنەکراوە.
هێشتا ئاوەدان نییە
دوای نۆ ساڵ لە کۆنترۆڵ کردنەوەی شنگال، هێشتا ئەو قەزا کارەستبارە ئاوەدان نەکراوەتەوە، زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.
ئێزیدییەکان و ئاینەکەیان
ئێزدییەکان ئاینێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، لەهەمو سەردەمەکانی دەسەڵاتدارانی پێشوی عێراق و ناوچەکەدا روبەڕوی چەوسانەوە پێشێلکارى و کوشتن و بڕین بونەتەوە، لەڕوی ناسنامەی باری کەسییەوە ژمارەیەکی زۆریان هەر لەسەردەمی پێشوەوە تائێستا خاوەن ئەم مافە نین و لە مافی باری کەسی کورد بون بێبەش کراون، وەك چۆن کوردانی رۆژئاوا لەو مافە بێبەشکرابون.
شنگال؛ میژو و جوگرافیا
شنگال، لەروی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای موسڵەو نزیکەی (120) کیلۆمەتر لەناوەندی شارەکەوە دورەو بە دوەم گەورەترین قەزای عێراق دادەنرێت، دانیشتوانەکەی زیاتر لە (200) هەزار کەس دەبێت و روبەرەکەی (3188) كیلۆمەتر دوجایە و رێژەی (85%)ی دانیشتوانەکەی سەر بە ئاینی ئێزیدین.
سەرچاوەکان، مێژوی شنگال بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێننەوە، بە جۆرێک لە ساڵی (1075)ی زاینیدا ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە (30) ھەزار کەس بوە، لە ساڵی (1394) ژمارەی خانوەکانی زیاتر لە (35) ھەزار بوە.
مێژونوسان ئاماژە بە چەند قۆناغێکی داگیرکردنی شنگال دەکەن و دەڵێن: لە کاتی هاتنی تەیموری لەنگ بۆ شنگال، (35) هەزار خانوی ناوچەکەی روخاندوە و ناوچەکەی بە تەواوەتی لەگەڵ زەویدا تەخت کردوە، هەروەها عوسمانیەکانیش لە ساڵی (1516)دا هاوشێوەی شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، شنگالیان داگیرکردوە بەوەش قەزاکە بۆتە مەیدانی ململانێ و بەیەکدادانی نێوان عوسمانیەکان و سەفەوییەکان.
جیۆپۆلەتیکی شنگال
لەڕوی جیۆپۆلۆتیکەوە شنگال خاڵی گرێدراوی عێراق و سوریایە، ئەمەش وایکرد بو کە داعش زیاتر چاوی لەسەر ئەم ناوچەیە بێت، بەوپێیەی چەند شار و ناوچەیەکیشیان لە سوریا داگیر کردبو، بۆیە شنگال بۆ ئەوان خاڵێکی ستراتیژی بو بۆ هاتوچۆ و جوڵە پێکردنی چەکدارەکانیان لە نێوان هەردو وڵاتدا، هەروەها ناوچە سونییەکان بە هەردو بەشەکەی کوردستان گرێدەدات، لەلایەکی دیکەوە شوێنی بەستنەوەی ناوچە شیعیەکانە لە نێوان وڵاتانی (عێراق، سوریا، لوبنان) ئەوەی ئێران هەوڵی هەژمون گەرایی بۆ دەداو بەناوچەی هیلالی شیعی ناسراوە، لەبەرئەوە شنگال، کەوتوەتە گەرمترین ناوچەی ململانێ لەڕوی جیۆپۆلۆتیکی و کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر بەهێزی پێكهاتە مەزهەبییەکان. بۆیە ئەم ناوچەیە بەدرێژایی مێژو کەوتوەتە بەر شاڵاوی تەعریب، لەهەمو سەردەمەکانیش، فەتوای غەنیمەیان بەسەردا داون بەهۆکاری ئەوەی لەروی ئاینیەوە لایان داوە.
هۆکارێکی دیکەی ئەو مەرگەساتەی بەسەر ئێزیدییەکان هات کورد بونیان بو، کە بە درێژایی مێژو هەر لە سەردەمە جیاجیاکانەوە روبەڕوی کردەوەی نامرۆڤانەو کوشتن و بڕین بونەتەوە، کە دواترین هێرشیان لە سێی ئابی ساڵی (2014) دا هەزاران کەس لە دانیشتوانی ئەو قەزایە و گوندەکانی دەوروبەری لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆمەڵکوژ کران و هەزاران کچ و ژنی ئێزیدیش رفێنران و دواتر وەک کەنیزەک لەلایەن ئەو گروپەوە بەکارهێنران و تائێستاش چارەنوسی هەزاران کچ و ژن لای ئەو گروپە تیرۆرستییە بە نادیاری ماوەتەوە. وەک دەبینین لە سەدەی رابردوەوە کورد روبەڕوی مەرگەسات کراوەتەوە، جا بکەرەکەی کێ بێت، چی بێت، گرنگ ئەوەیە بە پێوەری یاسا نێودەوڵەتییەکان بەجینۆساید بون لەقەڵەمدراو دەبێت ئەوانەی بەهەر شێوەیەک بێی دەستیان لەو کردەوانەدا هەبوە بێ جیاکاری روبەڕوی دادگاو سزا بکرێنەوە.
پەرلەمانى کوردستان سێى ئابى وەک رۆژى کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان دیاریکرد
رۆژى شەممە کە دەیکردە (3/8/2019) و لە پێنجەم ساڵیادى ئەو کارەساتەدا، پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دیاریكردنی رۆژی (3)ی ئاب، وەك رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان کۆبوەوە و پێشنیوەڕۆى هەمان رۆژ کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بە کۆى دەنگى ئەندامانى پەرلەمان پڕۆژەپێشنیازى بە جینۆسایدناساندنەکە پەسەندکرا.