ئەندامێكی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندوە: یاسایی نەوت وغاز پێویستی بەتەوافۆقی سیاسی نێوان لایەنە جیاوازەكانی عێراق هەیە لەپێناو رێكخستن و دەركردنی وەك یاسا لەنێو پەرلەمان دا، گوتی: یاساكە پێویستی بەهەندێك كات هەیە بەر لەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
عەلی زوبەیدی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندوە: حكومەت هەوڵدەدات بۆ ئەوەی یاسایی نەوت وغاز لەبەرژەوەندی هەموو عێراقییەكاندا بێت وهەموولایەك تێدا سودبەخش ببێت بەبێ جیاوازی لەنێوان تەواوی پارێزگاكانداو لەنێویشیاندا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
زوبەیدی راشیگەیاند: هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات بۆ ئەوەی دەست بەسەر بەشێك لەخاكەكەی كەركوك دا بگرێت، گوتی: لەماوەی هاتنی داعش بۆ ناوچە جێناكۆكەكان،دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان بەسەر كێلگەنەوتییەكانی كەركوكدا گرتووە وداهاتەكانیشی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە قورخكرابوو،هەرچەندە پێویستبوو داهاتەكان بۆ حكومەتی ناوەندی بگەرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە: یاسایی نەوت وغاز پێویستی بەهەندێك كات هەیە لەپێناو ئەوەی رێكخستنێكی سیاسیانەی بۆ بكرێت ودواتر ئاراستەی پەرلەمان بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.