پسپۆرانی ئەمەریكی جۆرێك لە چارەسەری بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دەدۆزنەوە

لێكۆڵەران و پسپۆڕانی ئەمریكی جۆرێكی “حەب”یان دروست كردووە، كە ڕێگری لە زیادبوون و بڵاوبوونەوەی خانەی شێرپەنجە لە جەستەی مرۆڤ دەكات و ئەوەش بە پێشكەوتنێكی گەورەی پزیشكی دادەنرێت.

وەك ئەو لێكۆڵەرە پزیشكیانە ئاماژەیان پێ‌ كردووە، ئەو حەب-ە گەشەی پێ‌ دراوە و كاردەكات لەسەر پێكهاتەی پڕۆتینی و ڕێگری لە بڵاوبوونەوە و گەشەكردنی خانەی گرێی شێرپەنجەیی دەكات و خانە تەندروستەكانیش دەپارێزێت.

لێكۆڵەرانی سەنتەری (City of hope)ی ئەمریكی تایبەتمەند بە لێكۆڵینەوە و چارەسەری شێرپەنجە ئاشكرایان كردووە، توانیویانە حەب-ێك دروست بكەن، كە خانە شێرپەنجەییەكان دەكاتە ئامانج و وەك چارەسەرێكی كیمیایی كاری لەسەر دەكات.

بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە، كە لە گۆڤاری ئەكادیمی (Cell Chemical Biology)دا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە، ئەو حەب-ە ناوی (AOH 1996)ە و كار لەسەر بەئامانج گرتنی پڕۆتینە چالاكەكانی خانەی شێرپەنجە دەكات، كە ئەو پڕۆتینە دەبێتە هۆی زیادبوونی خانەی شێرپەنجەیی و بڵاوبوونەوەی گرێی ڕەق وەك شێرپەنجەی (مەمك، سییەكان، منداڵدان و هێلكەدان).

ئەو لێكۆڵەرە ئەمریكیانە ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەو جۆرە (حەب)ە لە پشكنینی تاقیگەییدا لەسەر چەند نموونەیەكی شانەی مشك ئەنجام دراوە، كە گرێی شێرپەنجەیی هەبووە و بۆتە هۆی ڕاوەستاندنی زیادبوونی خانە شێرپەنجەییەكان و بەهۆیەوە زیادبوون و بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەكە ڕاوەستاوە و هیچ كاریگەرییەكی لاوەكیشی نەبووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ئێستتادا ئەو (حەب)ە لەسەر چەند كەسێكی تووشبوو بە شێرپەنجە تاقی دەكرێتەوە و بە سەركەوتنی تاقیكردنەوەكان لەسەر مرۆڤ دەبێتە شۆڕشێكی پزیشكی بۆ چارەسەری شێرپەنجە و هیوایەك بۆ كۆتایی هێنان بەو نەخۆشییە.

پەیوەندیدار