حەسەن و حسێنی کوردان


بەختیار مستەفا

ئەم دو پیاوە جوامێرە کوردەی شاری قەڵادزێ خاوەنی چیرۆکێکی ناخ هەژێن و دڵتەزێنن و دەتوانم بڵێم خۆیان و دەورو بەریان نەبێت کەس ئاگاداری ژان و ئازاری ئەوان نیە … هەمووان کەمتەرخەمن بەرامبەریان … حکومەت ، پەرلەمان ، هێزو لایەنە سیاسیەکان ، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، دەزگاکانی راگەیاندن و هەمووان … سەیر لەوەدایە ئەم ئازارەی ئەوان بێدەنگیەکی لەسەر بوەو هەیە .
کارەساتەکەی ئەوان بەم شێوەیەیە :
ساڵی 1994بەتایبەت 6 / 8/ لەکاتی شەری نەگریسی نێوان یەکێتی و پارتی دا لەو کاتەدا شەڕو بۆردومانی چڕ رودەدات و ماڵی ئەم دو برایە کەخۆیان دوانەن و ناویان حەسەن و حوسێنە ژێر زەمینێکیان دەبێت ، خەڵکێکی زۆری خزم و دراوسێکانیان بۆ خۆ حەشار دان دەچنە ماڵەکەی ئەوان و ژمارەیەکی زۆریان دەچنە ژێر زەمینی ماڵەکەیان ، لەکاتی هێوربونەوەی بۆردومانەکان ژمارەیەک لەئافرەت و منداڵەکانیان بەهۆی گەرمای زۆر و قەرەباڵغی ژێر زەمینەکە و خواردنەوەی ئاوو چونە تەوالێت و پێداویستی تر دێنە حەوشەی ماڵەکەوە ، لەو کاتەدا بەبۆردومانی ئێرانیەکان ماڵەکەیان کاول دەبێت بەسەریانداو هەر لەوێدا 21 کەسی سفیلی بێتاوانیان لێ شەهید دەبێت کەبەهیچ شێوەیەک دەستیان لەو روداوانەدا نەبوەو هیچ پەیوەندی بەوانەوە نەبوەو خەریکی زەحمەتیەکانی ژیانی خۆیان بوون ، هەرچۆنێک بێت دوای روداوەکان شەهیدەکان دەنێژرێن و بریندارەکانیش تیمار دەکرێن ، هەرچەندە زۆرێک لەو بریندارانە هەتا ئەمڕۆش بەدەستی برنداریەکانیان و ئاسەوارەکانیەوە دەناڵێنن و هەر بەرێگای نەخۆشخانەکانەوەن ، وێرای جێهێشتنی ئاسەواری دەرونی بەسیمایانەوە کەهەتا لەژیاندا مابن بەدەستیەوە دەناڵێنن ، هەرئەوکات کۆچکردو مام جەلال و کاک مەسعود پێشوازی لەخانەوادەکان دەکەن و بۆشیان دەگرین و چەندین بەڵێنیان پێدەدەن ، دوای ئەوڕوداوانەش جارێک لەلایەن دەستی بەکرێگیراوەوە مەزاری شەهیدەکانیان دەتەقێندرێتەوە کەبەمەزاری شەهیدانی 6 /8 ناسراوە، تەنانەت ئەوەشیان پێ ڕەوا نەبینراوە ، دواتر جارێکی تر نۆژەن دەکرێتەوە .
ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەم حەسەن و حوسێنەی ئێمە جێ دەستیان بەئاوەدانکردنەوەی قەڵادزێوە بەڕونی دیارە لەدروستکردنی قوتابخانەو مزگەوت و نەخۆشخانەو هاوکاری و دەستگیرۆیی هەژارو کەم دەرامەتەکان ، هاکات گەورەییەکی تریان نواندوە کەبەدیکۆمێنت زۆربەی روداوەکانیان بە وێنە و تۆمارکراوی هەڵگرتوەو لای خۆیان پاراستویانە ، دەستخۆشیش بۆ دەزگای شار پرێس کەوەک فیلمێکی دیکۆمێنتاری دوێنێ ئێوارە ئێمەیان بەو کارەساتە ئاشنا کرد و توانیان بەو کارە جوانە هەموومان تێکەڵ بە ڕوداوەکان بکەنەوە وەک ئەوەی ئەو کاتە رویدابێت و توانیان چاوی ئامادە بوان پڕ فرمێسک بکەن …
سەیرتریش لەوەی بەسەریان هاتوە ئەوەیە کەحکومەت و بەتایبەتیش وەزارەتی شەهیدان ئامادە نەبوون وەک شەهیدی سەنگەر حسابیان بۆ بکەن …
ئەگەر پێشتر هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ناومان هێنان و بەتایبەتیش رێکخراوەکانی تایبەت بەجینۆسایدو کۆمەڵکوژی و دەستگاکانی راگەیاندن مافی ئەوەیان هەبوبێت بەپاساوی ئەوەی کەئاگاداری روداوو کارەساتەکە نەبون کاری جدیان بۆ نەکردبێت و پەردەیان لەسەر تاوانکاریەکە هەڵنەدابێتەوە ، ئەوا بۆ لەمەودوا بەهیچ جۆرێک پاساویان نەماوە بەخۆشمەوە وەک راگەیاندنکارێک کە ئیتر پێویستە بۆ ئاوڕدانەوە لەو کارەساتەو کارەساتە هاوشێوەکانیان و پێویستە بەدواداچونی جدیان بۆ بکرێت و بەدیکۆمنت بکرێن ….
جێی خۆیەتی لێرەوە دەستخۆشی لەکاک حەسەن و حوسێن و دواتر شار پرێس بکەین بۆ ئەم کارەیان ، دواتر ئارامی بۆ ئەو دوپیاوە خۆراگرە دەخوازم کەبەبەرچاویانەوە ئەو کارەساتە بەسەر ماڵ و منداڵیاندا هاتوە و سەری رێزو نەوازیش بۆ شەهیدان و قوربانیانی ئەو روداوەو روداوە هاوشێوەکانیان و سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان دادەنەوێنم .
بەراستی حەسەن و حوسێنی ئێمەش غەدرێکی زۆر گەورەیان لێکراوە کەهیچی کەمتر نیە لەحەسەن و حوسێنەکانی تر ، درود بۆ خۆراگریتان .

پەیوەندیدار