حكومەتی بەریتانیا بە ناچاری نیشتەجێکردنی کۆچبەرانی لە ناو کەشتیدا هەڵوەشاندەوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەکتریایەکی مەترسیدار،حكومەتی بەریتانیا بەناچاری نیشتەجێکردنی کۆچبەرانی لە ناو کەشتیدا هەڵوەشاندەوە.

ڕۆژی 18-7-2023 پەرلەمانی بەریتانیا، یاسایەکی بۆ رێگرتن لە کۆچی نایاسایی پەسەندکرد، بەپێی یاساکە هەر پەنابەرێک بە نایاسایی و لە رێگەی بەلەمەوە بچێتە خاکی ئەو وڵاتە داوای پەنابەرێتی رەتدەکرێتەوە، بۆ وڵاتێکی تر رەوانە دەکرێت.

لە 7-8-2023 حکومەتی بەریتانیا دەستی بە جێبەجێکردنی یاسای رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی کرد ،حکومەتی بەریتانیا هەستا بە نیشتەجێکردنی پەناخوازان لە کەشتییەکی گەورەدا، یەکەم گروپی کۆچبەر گواستراونەوە بۆ ناو کەشتییەکە کە لە پۆرتلاند لەنگەری گرتووەو ناوی (بیبی ستۆکهۆلم)ە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان یەکلایی دەبێتەوە و بڕیار دەدرێت بۆ پێدانی مافی نیشتەجێبوونیان یان رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان و دیپۆرتکردنەوەیان.

ڕۆژی هەینی 11-8-2023حکومەتی بەریتانیا ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە کەمتر لە هەفتەیەکە لە ناو کەشتییەکە نیشتەجێ کردبوو ناچاربوو بگوازێتەوە بۆ شوێنی گونجاو و لە کەشتییەکە دەریانبهێنێت، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەکتریایەک لە ناو کەشتییەکەدا و نەشیاوی کەشتییەکە بۆ ژیان، بەکتریاکە مەترسیدارە، لە سییەکاندا جێگیر دەبێت.

پەیوەندیدار