پسپۆڕانى کەشوهەوا ئاشکرایدەکەن کە بە رێژەى 50% ئەگەرى هەیە ساڵى 2023 گەرمترین ساڵ بێت و ساڵى داهاتوش لەمساڵ گەرمتر بێت.
سارە کاپکینگ گەورە زانا لە بەڕێوەبەرایەتی نەتەوەیی زەریاوانی و بەرگەهەواى ئەمەریکا ئاشکرایکردوە کە ساڵى 2023 سێیەم ساڵى گەرم بوە تا ئێستا تۆمار کرابێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە کە ئەگەرى 99% هەیە کە 2023 لە ریزبەندى پێنج گەرمترین ساڵدا پلەى یەکەم بگرێت و بە رێژەى 50%ش ئەگەر هەیە لە هەر پێنج ساڵەکە گەرمتر بێت.
لاى خۆیەوە گافین شمیدین، بەڕێوەبەرى پەیمانگاى گوردارد بۆ لێکۆڵینەوە ئاسمانییەکانى سەر بە ئاژانسى ناسا رایگەیاندوە؛ ساڵى داهاتو ئەگەرى هەیە لەمساڵ گەرمتر بێت بەهۆى دەرکەوتنى دیاردەى (ئێل نینۆ) کە دیاردەیەکە لە زەریاى هێمن دەرکەوتوە و دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى زیاتر لە پلەکانى گەرما.
وتوشیەتى: بەهۆى دەرکەوتنى ئەم دیاردەیەوە ساڵى 2024 لە ساڵى 2023 گەرمتر دەبێت.
هەروەک پێشتر بەڕێوەبەرایەتى نەتەوەیی زەریاوانى و بەرگە هەوا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە پلەى گەرمى روى زەوى لە مانگى تەمموز 1,12 پلەى سەدى لە سەرو ئاستى مامناوەندەوە بوە هەر ئەمەش مانگى تەمموزى کردوەتەوە گەرمترین ساڵ لە 174 ساڵى رابردودا.
هەروەک جەختیش کراوەتەوە لەوەى ئەو گۆڕاناننەى بەسەر پلەکانى گەرمادا هاتوە کۆمەڵێک لێکەوتەى دیکەى دەبێت وەک بەرزبونەوەى ئاستى دەریاکان و دابەزینى رێژەى سەهۆڵ و سوتانى دارستانەکان و زیادبونى بارینى بەخوڕ.