تاوانە مەترسیدارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە روی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە تادێت رولەهەڵکشانە و بوەتە دیاردەیەکی مەترسیدار دیارترینیشیان دەستبەسەرداگرتنی وێنە و ڤیدیۆی روتی خەڵکە لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندن یان دەستاودەستکردن یان دەستبەسەرداگرتنی ئەکاونتەکانیانەوە، ئەو کەسانەشی کەئەبن بە نێچیری تاوانباران لە هەردو رەگەز و لە تەمەنی جیاواز و ئاستی ڕۆشنبیری و پێگەی کۆمەڵایەتی و پلەی زانستیی جیاوازن، راستە لەمەشدا پشکی شێر بەر ژنان و کچان ئەکەوێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی تاوانەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەسی قوربانی هەیە و روبەڕوی هەڕەشە و تەنانەت مەترسی کوشتن و خۆکوشتنیشیان ئەکاتەوە، دواجار تەواوی خزم و کەسوکار وەک ئەڵێن ئەوانەشی کە بەخوێی چێشت پێی ئەگات بێبەش نابێت لە پریشکی ئەو ئاگرە.
”قوربانیەکان لەترسی ئابڕوچون سکاڵا تۆمارناکەن“
گرفتی سەرەکی لەمجۆر کێشانەدا ئەوەیە قوربانی ئامادەنییە سکاڵا تۆمار بکات، لەبەرئەوەی پێیوایە بە ئاشکرابونی لای خێزانەکەی سەرەڕای ئابڕو چونی روبەڕوی مەترسیی کوشتن یان ناچارکردن بە خۆکوشتن ئەبێتەوە و خێزانەکەی ئامادەنین پشتیبگرن و وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا ئەکەن نەك تاوانلێکراو، هەر بۆیە بەشێکی قوربانییەکان هەوڵیانداوە بەبڕێک پارەی زۆری وێنە و ڤیدیۆکانیان بکڕنەوە و بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بڕە پارەیەش زۆرجار ناچاربون دزی لە خانەوادەکانیان بکەن، بەڵام لەبەرامبەردا تەواوی کۆپییەکانیان وەرنەگرتوەتەوە و دواجار وێنە و ڤیدیۆکانیان بڵاوکراوەتەوە، لەم بارەشدا جگە لەوەی قوربانیی سەرەکیی تاوانەکە ژیانی کەوتوەتە مەترسییەوە تەواوی بنەماڵەکەشیان کەوتونەتە بەر تیروتوانجی کۆمەڵگە و ئەوانیش بون بە قوربانی.
جێگای ئاماژەبۆکردنە هەریەك لە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن، سزای بەندکردن و غەرامەی داناوە بۆ سزادانی تاوانباران، بەڵام لەبەر ئەوەی سکاڵا تۆمار ناکرێت یان تاوانکاران زۆر شارەزایانە تاوانەکە ئەنجام ئەدەن و هیچ بەڵگە و ئاسەوارێك بەجێناهێڵن بۆیە بەشێكی زۆریان بەبێ سزا وەرگرتن دەربازدەبن.
بیرمان نەچێت کێشەی تاوانی ئەلیکترۆنی جیهانییە و لە زۆر وڵات بۆ دزینی پارە لە بانکەکان یان هاککردن و دەستبەسەردا گرتنی پێگە و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکانی دامەزراوە گەورە و هەستیارەکان بەکارئەهێنرێت، تا ئێستاش نەتوانراوە وەك هەر جۆرێکی تری تاوان بنەبڕبکرێت.
”ژن و پیاو هەمو لەبەردەم هەڕەشەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانداین“
ئەنتەرنێت لای زۆرێکمان بوە بە زەرورەتی ژیان و لە زۆرینەی ماڵەکاندا بونی هەیە، کەواتە گەورە و بچوك، ژن و پیاو، هەمو لەبەردەم هەڕەشەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانداین، چۆنێتی روبەڕوبونەوە یان کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم تاوانە کاری کەسانی پسپۆڕە و من نامەوێت شتێکی ئەوتۆی لەبارەوە بڵێم، تەنها ئەوەندە نەبێت لەڕوە یاساییەکەوە وایئەبینم هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکان و توندکردن و قورسکردنی سزاکان ئەشێت کاریگەری هەبێت بۆ چاوترسێن کردنی خەڵك و دورکەوتنەوە لەم جۆر تاوانە.
دواجار تکا ئەکەم واز لەسەرکۆنەی قوربانییەکانبێنن، لەبری ئەوە هاوکار و پاڵپشتیانبن با خەڵکانی بێویژدان و هەڵپەرست باجی تاوانەکانیانبدەن.
* ئاوێر شاسوار
www.newjin.net