تا بەرەبەیانى ئەمڕۆ، دۆخى کەرکوک ئاڵۆز و ناسەقامگیربو و خۆپیشاندەرانى کورد و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامبون لە روبەڕوبونەوەى یەکترى و بەهۆیەوە چوار گەنجى کوردى شارەکە شەهید بون.
سەرەڕاى گرژییەکانى ئێوارەى دوێنێى خۆپیشاندانەکانى کەرکوک و شەهیدبونى گەنجێکى کورد، خۆپیشاندەرانى کورد قەدەغەى هاتوچۆیان شکاند و تا بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەردەوامبون لە خۆپیشاندان، بەهۆى ئەوەشەوە گرژى و روبەڕوبونەوەى توند و زیاتر لە نێوان هیزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران بەردەوام بو.
بەپێى زانیارییەکان لە خۆپیشاندانەکانى ئێوارەى دوێنێى و شەوى رابردو، زیاتر لە 20 گەنج و خۆپیشاندەرى کورد برینداربون کە 16 برینداریان لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە و چوار گەنجى کوردیش بە تەقەى راستەوخۆى هێزە ئەمنییەکان شەهیدبوون.
لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی پێموایە “ئەو خۆپێشاندەرانەی رێگەی هەولێریان گرتووە هاووڵاتی ئاسایی نین؛ خۆپێشاندانەکە زیاتر کارێکی سیاسییە، ئەگینا ئەوە لە توانای هاووڵاتیدا نییە، بێت کۆنکرێت دابنێت و رێگە دابخات. دەستی لایەنی دیکە هەیە لەنێو ئەم بابەتەدا و کردنەوەی رێگەکەش بە پۆلیس ناکرێت و دەبێت لایەنی سیاسی دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.