کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەستپێكردووە و بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش میكانیزمی بەڕێوەبردنی پڕۆسەكە ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە 4-9-2023 داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە،”بۆ پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پشت بە هەردوو میکانیزمی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبەستین، واتا هەمان ئەو میکانیزمانە پەیڕەودەکەین کە بۆ هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق پەیرەومان کرد”.
ئاماژەی بەوەشداوە،”کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە ڕووی ئامادەکردنی هۆڵەکانی دەنگدان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پشکنینی کۆگاکان دەستپێکردووە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو،”دوای تەواوبوونی چلەی ئیمام حوسێن خشتەی کارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکەینەوە”.
ڕاشیگەیاندووە،”بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و دەنگ بدەن”.
ڕوونیشیكردووەتەوە،”تا وەکو ئێستا 214 هەزار و 149 کەس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە بە شێوەیەک لە پارێزگای هەولێر 88 هەزار و 588 دەنگدەر؛ لە پارێزگای دهۆک 40 هەزار و 277 دەنگدەر و لە پارێزگای سلێمانیش 85 هەزار و 284 دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە”.
لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە دایکبووی ساڵی 2005ـن و ناوی خۆیان لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە تۆمارکردووە، داود سەلمان وتویەتی،”تا وەکو کۆتاییەکانی مانگی ئابی رابردوو، زیاتر لە 26 هەزار و 900 گەنج کە لەدایکبووی ساڵی 2005ـن ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە”.
جێگەی باسە،نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25-2-2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.