هەفتەیەک پرسی ئاژاوەکانی درووستکراو لەم دوو شارە بوونەتە بابەتی گرنگی میدیاکان، دوو شاری جیاوازن ، کێشەکانیان جیاوازن و لە دوو سنوری جیاواز هەڵکەوتوون، بەڵام چونکە هەردووکیان کرونەتە یەک ئامانجی پیلانی ئیقلیمی، هەروەها چونکە لەیەک کاتدا ڕووبەڕووی ئاژاوە بوونەتەوە ئەو بەراوردکارییە دەکەین.
کەرکوک، شارێکی کوردستانیە زیاتر لە نیو سەدە دەبێت کراوەتە ئامانجی تەعریبی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی بگرە، تا حوکمی بەعسیەکان کە زۆرترین تەعریبیان لەو شآر ئەنجامداوە، تا دەگاتە سەردەمی ئەمڕۆمان.
دێرەزۆر، شارێکی سورییە، کەوتۆتە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، دانیشتوانەکەی زۆرینەی هەر زۆری عەرەبن، ئەو شارە لە لایەن تیرۆرستانی داعش لە دوای ڕووداوەکانی ٢٠١٤ بە تەواوی داگیرکراوە، ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بە تەواوی لە چەتەکانی داعش پاککراوەتەوە، و ئەو پارێزگایە بۆتە بەشێک لە دەسەڵاتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) ، دوای ئازادکردنی پایتەختی دەسەڵاتی داعش لە رەقە، شارۆچکەی باهۆز کە سەر بە پارێزگاری دێرەزۆرە، دوایین پێگەی داعش بوو کە لەلایەن هەسەدە لەو تیرۆرستانە پاککرایەوە.
خاڵی هاوبەش لە سەرهەڵدانی کێشەکانی کەرکوک و دێرەزۆر بریتیە لە پیلانی وڵاتانی ئیقلیمی (تورکیا- ئێران- سوریا) پلانی ئەو سێ دەوڵەتە کاتێک بە زەقی دەرکەوت کە وەزیری دەرەوەی تورکیا (هاکان فیدان) سەردانی ناوچەکەی کرد.
خاڵی جیاوازی ئەم دووانەش لەوەدایە کەرکوک شارێکی کوردستانیە، زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق حوکمڕانیەکەی کەوتە دەست کورد، لە شەڕی داعش دەرفەتی باشتر بۆ کەرکوک هاتەپێش کە بە تەواوی بکەوێتەوە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکان نەک هەر کەرکوکی دۆڕاند، بگرە ٥٠٪ خاکی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی ڕادەستی حکومەتی عێڕاق کردەوە.
هەرچی شاری دێرەزۆرە وەک باسمان کرد شارێکی زۆرینە عەربە و نەکەوتۆتە سەر جوگرافیایی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ بەشێکە لە ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە حوکمی دەکات.
جیاوازی دووەمیش لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی پیلان و ئاژاوە درووستکراوەکانە.
لە کەرکوک چونکە ناکۆکیە حزبیەکان کە خۆی دەبینێتەوە لە ناکۆکی پارتی و یەکێتی هۆکاری بەشی هەر زۆری چارەسەر نەکردنی کێشەکانی کەرکوکن، بەڵام لە دێرەزۆر ئەگەرچی ئاستی پیلانەکەش گەورەتر بوو، بەڵام چونکە لەوێ یەک هیز بڕیار بەدەستە ” هەسەدە” دەبینین بە یەک هەفتە سنوورێک بۆ هەڵگەڕانەوەی سەربازی دادەنرێت.
لە دێرەزۆر دەستکەوتەکە بە خوێنی شەرڤانانی هەسەدە بەدەست دێت، وە کۆتایی بە پیلانەکە دەهێندرێت، لە کەرکوک قوربانیەکە ڕژاندنی خوێنی گەنجانی هەژارە بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی کورد لە شاری کەرکوک هەبێت.
سەرەنجام دێرەزۆر کە شارێکی کوردی نیە و لە ژێر حوکمی کورد دەمێنێتەوە، کەچی کەرکوکی کوردان هەر لە ژێر حوکمی سەپێندراوی دەسەڵاتی نامۆ بەم شارە دەمێنێتەوە.
هیوا سەید سەلیم