جێگری وتەبێژی دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو رووداوانەی لەم دواییەدا لە کەرکوک روویدا سەرکۆنە دەکەن، دەڵێت “دەبێت ماددەی 140ی دەستوری عێراق کارا بکرێتەوە”.
ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە بارودۆخی ئەم دوواییەی شاری کەرکوک رایگەیاند، بە وردی چاودێری گرژییەکانی کەرکوک دەکەن، دەڵێت “سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییە دەکەین کە روویداوە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین”.
لە درێژەی وەڵامەکانیدا وتیشی “داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە هەر ناکۆکییەک هەبێت لە رێگەی وتووێژ و کاراکردنەوەی ماددەی 140ی دەستوری عێراقەوە چارەسەر بکەن.”
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بودجە و دابەشکردنی داهات و رەتکردنەوەی بەغدا لەسەر ناردنی پشکی هەرێم، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامدا وتی “لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا و هەولێر بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین، با نوێنەرانمان لە هەردوو شارەکە لەسەر ئەم پەیوەندیانە قسە بکەن”.