ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجەدا هاتوون، بۆ هەرێم خەرج بکات
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بڵاوكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجومەنی وەزیران، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوەکانی کەرکووک دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیەی کرد کە بەرامبەر هاوڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا.
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە کەرکووک، پێویستە بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی وقەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.”
ئەوەشخراوەتەروو، پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2023 کرا، دواتر ئەنجامی گفتوگۆی وەفدی دانووستانی هەرێمی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا لەبارەی ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو.
بۆیە، ئەنجومەنی وەزیران لە بەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەدا، داوا دەکات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات
“لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دەکات کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف ودەسەڵات وشایستە دەستووریەکانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیاری سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز ولایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان”. لە راگەیەندراوەكەی حكومەتدا هاتووە.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هێز ولایەنە سیاسیە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق دەکاتەوە کە شایستەکانی هەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، خەرج بکرێت و پابەند بن بە مینهاجی وەزاریی و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەت و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.