سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان باش لەوە تێگەیشتوون عێراق پابەند نابێت بە رێکەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان باش لەوە تێگەیشتوون عێراق پابەند نابێت بە رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە پابەندی رێککەوتنەکانی بووە لەگەڵ عێراق.
وتیشی پشتیوانی پێشنیازەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی باڵا و گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و ئاڵنگارییەکان.
سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، روونیکردەوە، کوردستان لە بارودۆخێکی دژواردایەو پێویستی بە کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانە. باسی لەوەشکرد، دەبێت کێشەکان لەناو ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەر بکرێت، هەروەها پێویستە لایەنەکان لە ئاستی باڵا بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن و لەوێدا کێشەکانی خۆیان باس بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرییەکان بخرێنەڕوو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات هەوڵێکە بۆ لەقاڵب دانی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.