ھەسەدە کۆتایھاتنی ئۆپراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایشی لە دێرەزۆر ڕاگەیاند و دەڵێت لە ئۆپراسیۆنەکەدا ٢٩ چەکداری گروپە تیرۆریستییەکان کوژراون و ٢٥ شەڕڤانیش شەھیدبوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات”ھەسەدە” لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لەئۆپەراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایش، لە ٢٧ی ئابی ڕابردوودا دەستیپێکرد، لە گوندەکانی دێرەزۆر، دژی شانەکانی داعش و بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان و تاوانکارەکان، بەپلەی یەکەمیش شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی “داعش”یان کردە ئامانج.
دەشڵێت، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەشدا ٢٩ چەکداری گروپە تیرۆریستییەکان کوژراون و ١٥ چەکداریش دەستگیرکراون، ٢٥ شەڕڤانیش شەھیدبوون و ٩ ھاووڵاتیش بە تەقەی گروپە چەکدارەکان برینداربوون، ھەروەھا ٤ ئەندامی ھێزەکانی پاراستنی نەتەوەیی سوریاش دەستگیرکراون، بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیش دەستی بەسەرداگیراوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھەندێک ھێزی سەربە رژێمی سوریا و تورکیا ھەوڵیانداوە ناکۆکی دروست بکەن، بەڵام پەیوەندی بەردەوامی نێوان ھێزەکانی ھەسەدە و خەڵکی ناوچەکە و ھۆشیاری بەردەوامیان لە پێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ھەوڵەکانی پوچەڵکردەوە.
ھەسەدە راشیگەیاندووە، ناوچەی دێرەزور لە ١٢٥ گوندی ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزۆری سەر بە ھەسەدە پێکدێت، تەنیا لە ٥ گوند گرژی لە نێوان شەڕڤانان و گروپە چەکدارەکان دروستبووە.