بەیاننامەی ناڕەزایی نوێنەرانی هەردوو حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتكێشان دژ بە سەربازگەكردنی گەڕەكە كوردییەكانی كەركوك

جەماوەری خۆڕاگرو ستەملێكراوی كوردستان..
ئەوەی دیمەنی ئێستای شاری كەركوك، بە تایبەتیش دەروازەی هەولێر- كەركوك ببینێت بە دڵنیاییەوە تووشی شۆك دەبێت لە بوونی ئەو هەموو زرێپۆش و هێزە چەكدارەی سەر شەقام و ئەو كۆڵانانەی دەچنەوە ناو گەڕەكی شۆراو و رەحیماوەو هەتا لای قەڵای كەركوكیش، وەك ئەوەی بۆ شەڕێكی دەستەویەخە لە ئامادەباشیدا بن، بە دڵنیاییەوە ئەمەش تا دێت رقی كوردانی كەركوك بەرانبەر ئەو هێزەو هەتا بەرانبەر حكومەتی عێراقیش تووڕەو تووندتر دەكات، چونكە هیچ پاساوێك نەماوە بۆ بوونی ئەم هێزە زۆرە، هەرچەندە پێشتریش لە ئەنجامی ئەو كەڵەگاییەی كە عەرەبی هاوردەو بەشێك لە توركمانەكانی كەركوك لە ئەنجامی داخستنی رێگای هاتوچۆی نێوان كەركوك و هەولێر، خەڵكی كەركوك هاتنەدەنگ و چیتر ئەو دەستدرێژیانەیان قەبوڵ نەكرد كە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراقەوە دەكرایە سەر پیرۆزییەكانی كورد لە كەركوك، كە بە داخەوە لە ئەنجامی ئەو پەرچەكردارەی خەڵكی كەركوك چوار رۆڵەی قارەمانی ئەم شارە بوونە قوربانی و دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد.
ئێمە وەكو نوێنەرانی هەردوو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان لە لقی كەركوكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان، ئەوپەڕی ناڕەزایی خۆمان بەرانبەر مانەوەی ئەم هێزە ترسناكەی سوپای عێراقی لە كەركوك دەردەبڕین و پێمانوایە ئەمە پێشێلكردنی دەستووری عێراق و كوشتنی گیانی برایەتی و تێكدانی شیرازەی پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتیی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك و نمایشكردنەوەی هەمان تابلۆ ترسناكەكانی سەردەمی رژێمی پێشووە، نەك چارەسەری كێشەكان. لە هەمان كاتیشدا زۆر بە داخەوەین بۆ ئەوەی بە ئاشكرا خەریكە كەركوك دەكرێتە قوربانی بەرژەوەندی و خواستی حزبایەتی و كۆكردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. هەموو لایەكیش لەوە دڵنیان كە دۆخی كەركوك زۆر مەترسیدارەو بەرگەی ئەو هەموو پاڵەپەستۆو ستەمە ناگرێت كە دەكرێتە سەری.
بۆیە داوا لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەین كە كەركوك نەكەنە قوربانی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتیی خۆیان، پێشمانوایە باشترین چارەسەر، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و رێگە نەدانە بە دووبارەكردنەوەی ئەو كەڵەگاییەی كە بەشێك لە عەرەبی كەركوك و توركمانەكان ئەنجامیاندا.
هەر لێرەشەوە داوای ئازادكردنی گیراوەكان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكانیش دەخوازین و هەزاران سڵاویش بۆ گیانی پاكی ئەو چوار شەهیدە خێر لەخۆنەدیوەش دەنێرین.
رزگار حەساری
نوێنەری حزبی شیوعیی كوردستان
ڕابەر ڕەشید
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
كەركوك
12/9/2023

پەیوەندیدار