ئەمڕۆ 12-09-2023، شاندی باڵای پارتی سۆسیالیستی کوردستان PSK، پێکهاتووە لە بایرام بۆزیەڵ سەرۆکی PSK و جەلال یەلدز جێگری سەرۆک و مەسعود تەک سەرۆکی پێشووی PSK و تەیب کزلیلدز ئەندامی مەجلیس و وەلید کۆپاران نوێنەری PSK لە هەولێر سەردانی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.
شاندی میوان لە لایەن بەهمەن حوسێن بەرپرسی ئەنجومەنی گشتی و نیشتمان کەمال ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان و شوان محەممەد و شاخەوان عەبدوڵڵا و بێکەس قادر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێشوازییان لێکرا.
لە دیداری دۆستانەی نێوان هەردوولا گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی سیاسی ناوچەکە و کوردستان بەگشتی کرا، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان PSK تیشکی خستەسەر دوا گۆڕانکاریەکانی ڕەوشی سیاسی باکووری کوردستان و تورکیا، باسی لە گرنگی ئیتیفاقی لایەنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان کرد بۆ چەسپاندنی ناسنامە و بە رەسمی ناسینی مافی زمانی کوردی لە تورکیا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بەهمەن حوسێن بەرپرسی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان باسی لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و تیشکی خستەسەر لێکترازانی سیاسی لە باشووری کوردستان.
شاندی هەردوولادا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی هەبوونی کارنامەیەکی هاوبەشی کوردستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکان.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر گرینگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و یەکڕیزیی کوردستانی کرایەوە.



