سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، بە نیازین سەردانی بەغداد بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەشڵێت: لە سەردانمان بۆ لاى لایەنە سیاسییەکانى بەغداد دەمانەوێت بزانین بۆچى سیاسیەتى برسیکردنى خەڵکى هەرێمى کوردستان دەگرنەبەر.
مەسرور بارزانی لە وتارێکیدا لە هەولێر، بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن رایگەیاند، هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە تێپەڕێت، بەنیازین سەردانی بەغداد بکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتییانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی حکومەت وتی: پشودرێژیی ئێمە، مانای لاوازیی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆریی ئێمەیە بۆ ئەوەی کێشە و گرفتەکان بە ئەقارێکی دیکەدا نەبرێن.
وتیشی: دەمانەوێت سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەمو خەڵکی عێراق کردەوە و چاومان لەوەیە ئێستا خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، دەمانەوێت بزانین بۆچى سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر.
ئەم وتانەى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە کاتێکدایە لە ماوەکانى رابردودا چەندین جار شاندى هەرێم سەردانى بەغدادیان کرد و بێ گەیشتنە هیچ ئەنجامێک گەڕانەوە بۆ هەرێمى کوردستان، ماوەى نزیکەى سێ مانگیشە موچەخۆرانى هەرێم موچەکانیان وەرنەگرتوە و بایکۆت و هەڕەشەى دەستپێنەکردنى ساڵى نوێی خوێندنیش دەکرێت لەلایەن مامۆستایانەوە.