سەرۆکی حکوومەت بۆ وەزارەتی دارایی: لەگەڵ گەیشتنی یەکەم گوژمەی پارەکەی بەغدا ڕاستەوخۆ مووچە دابەش بکەن

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی ڕاسپێردراوە لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیارەکەی بەغداد دەست بە دابەشکردنی موچەی موچەخۆران بکات و ئیدانەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەتیشى کرد.

کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆتایی هات و ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانییان کرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

ئاماژە بەوەکراوە، دەرەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت: لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگای شاندێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران ڕوونکردنەوەی پێویستمان دا بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەنمان بۆ دابینکردنی مووچە خستەڕوو کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقیەکان بوو و زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز پەسەندکرا.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە بارودۆخێکی سەختدان.

جەختی لەوەشكردوەتەوە، سازش لە سەر مافە و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابوورییشی ڕاسپارد کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم کوژمەی پارەکە کە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، یەکسەر بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.

پەیوەندیدار