یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان، کچێکی ئێزدییان رزگارکرد کە لە ساڵی 2014ەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندرابوو.
ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو کچە ئێزدییەی رزگارکراوە ناوی “فریال خزر”ە و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانیان رزگارییان کردووە، بەڵام ئاماژە بە شوێن و کاتی رزگارکردنەکەی نەکراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، “فریال” ئەوکاتەی لە شەنگال رفێندراوە تەمەنی 12 ساڵ بووە و لەگەڵ کچان و ژنانی دیکە گواستراونەتەوە بۆ سوریا و کڕین و فڕۆشتنیان پێوەکراوە و بە تەمەنێکی بچووک منداڵێکیشی بووە.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان راشیگەیاندووە، “فریال” پێنج جار فڕۆشراوە و تائێستا چارەنووسی کەسوکاری نازانرێت کە ئایا لە ژیاندا ماون یاخود بە دەستی تیرۆریستانی داعش کوژراون.