بەڵێنی لایەنەکانی دیکە سەبارەت بە پشتیوانی بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە چی لێهات؟
کێن ئەوانەی کۆسپ لەبەردەم بە پارێزگابوونی هەلەبجە درووست دەکەن؟
ھەڵەبجە، بەپێی ھەندێک شوێنەواری کۆن وا دەردەکەوێت کە لە دێر زەمانەوە مەڵبەندی ژیان بووە، بەڵام چەندین جار وێران کراوە، دوا جار لە دەوروبەری ساڵی ١٦٥٠ دا ئاوەدان کراوەتەوە و وردە ودە گەشەی کردووە و بووە بە شار.
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢٠ ھەڵەبجە، وەک قەزایەکی ناودار سنورێکی گەورەی ھەبووە، ڕووبەرەکەی ٥٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، نزیکەی ٣٧٥ دێی ھەبووە..
دوای ھاتنی سەردەمی کۆماری ساڵی ١٩٥٩ کرایە قەزاو جیابۆوە. ھەڵەبجە لەڕووی ئیدارییەوە لەساڵەکانی ١٩٥٠ بریتی بووە لە ناحیەکانی سیروان و شارەزوور و پێنجوێن و خورماڵ و وارماوا.
لە ساڵی ١٩٧٧ جگە لە مەرکەزی قەزاو ناحیەکان پاش جیاکردنەوەی قەزای دەربەندیخان و پێنجوین لێی، ژمارەی گوندەکانی سەر بە ھەڵەبجە ٢١٦ گوند بووە، بەڵام لەسەرژمێری گشتی ساڵی ١٩٨٧ لەکۆی ٢١٦ دێ پاش کاولکردنو ڕاگواستنی تەنھا ١٨ دێ لەسەرانسەری پارێزگاکە مایەوە.
ھەڵەبجە، رۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگی ئێران-ئێراق، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە شاری ھەڵەبجە بە گازی کیمیایی کیمیاباران کرا، لەم کارەساتەدا زیاد لە ٥،٠٠٠ ھاوڵاتی کوردی بێتاوانی پێکھاتوو لە ژن و مناڵ و گەنج شەھیدکران و ١٠٬٠٠٠ کەسی تریش بریندارکران ئەمە جگە لە ونبوونی چەندەھا منداڵ. ئەمڕۆ، ٢٠١٠ کیمیابارانکردنی بە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت بە گازی کیمیایی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
ڕۆژی ١٣ ئازاری ٢٠١٤ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شاری هەلەبجە بە فەرمیی کرایە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان.
شایانی باسە، خەڵکی کوردستان بە گشتی و هەڵەبجەییەکان بە تایبەتی چاوەڕوان بوون کە بڕیاری بە پارێزگابوونی هەلەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک ١٩ پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان بخرێتە نێو چوارچێوەی یاسایی و دەنگی بۆ بدرێت، بەڵام بەهۆی عەقلیەتی زاڵی شۆڤینیزم لە لای بەشێک لە کوتلە پەرلەمانیەکان نەک هەر هەفتەی ڕابردوو دەنگ بەو پڕۆژە یاسایە نەدرا، بگرە دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەستراوەتەوە بە چەند قەزا و ناوچەیەکی دیکە کە شایستەی ئەوە نین بهێنرێنە ریزی هەڵەبجەی سونبلی قوربانیی و جینۆساید.