دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی حەمدانییە بڵاوکردەوە

دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ لەبارەی رووداوەکەی حەمدانییە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە یارییە ئاگرینەکانی ناو ھۆڵەکە بووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی ھۆڵەکە و سەرپەرشتیارەکەی دەرکراوە.

دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە یارییە ئاگرینەکانی ناو ھۆڵەکە بووە و بەھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیانلەدەستدا و نزیکەی ١٥٠ی تریش برینداربوون کە برینی ھەندێکیان سەختە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەرگای تایبەت بە حاڵەتی کتوپڕی ھۆڵەکە زۆر بچووک و دووربووە و ئەوانەی لەناو ھۆڵەکە بوون نەیانتوانیوە پێی بگەن، یەکێکی تریش لەھۆکارەکان کەرەستەکانی ناو ھۆڵەکە بووە کە زۆربەیان پلاستیک بوون و بە زوویی ئاگریان گرتووە.

راشیگەیاند، لەیەکەم ساتی دوای رووداوەکە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ چەند کەسێک دەرکرد، دادوەری لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە و وتەی لە نۆ شایەتحاڵ وەرگرتووە، فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ خاوەنی ھۆڵەکە و سەرپەرشتیارەکەی دەرکراوە.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵدا ھاوتووە، ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە لە ھەولێر خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کردووە و رەوانەی موسڵ کراونەتەوە.

پەیوەندیدار