نەتەوەیەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت ئەمساڵ 2500 كۆچبەری نایاسایی لە نێو دەریای ناوەڕاست و لەكاتی پەڕینەوەیان بەرەو ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.
رۆڤین مینیكۆدۆیۆیڵا بەرپرس لە كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، ئەمساڵ 186 هەزار كۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە وڵاتانی باشووری ئەوروپا واتە ئیتاڵیا و یۆنان و قوبرس و ماڵتا.
ئاشكراشی كرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا 24ـی ئەم مانگە، زیاتر لە 2500 كۆچبەری نایاسایی لە نێو دەریای سپی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە، كە هەوڵیانداوە بگەن بە وڵاتانی ئەوروپی. ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی 2022 دوو هێندەیە.
ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەكگرتووەكان دانی بەوەدا ناوە، ئەو كۆچبەرانەی كە رۆژهەڵاتی ئەفریقاوە روو دەكەنە ئەورووپا، رووبەرووی مردن و سوكایەتی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ و برینداربوون دەبنەوە.
هەرچەندە حكومەتە راسترەوەكانی ئەورووپا بەتوندی مامەڵە لەگەڵ قەیرانی كۆچبەرانی ئاسیایی و ئەفریقاییدا دەكەن بەلام ئاراستەیەكی دیكەی پێچەوانە لەبارەی كۆچبەرانەوە لەرۆژئاوا بوونی هەیە. پێشتر ئەنجێلا مێركڵ، راوێژكاری پێشووی ئەڵمانیا باسی لەوە كردبوو بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەورووپا و دابەزینی رێژەی لەدایكبوون و بەرزیی رێژەی پیربوونەوە، بۆ مانەوەی ئەم كیشووەرە، ئەورووپا پێویستی بە 60 ملیۆن كۆچبەر هەیە.