هۆڵەندا هێز ڕەوانەی عێراق دەكات

هۆڵەندا بڕیاریداوە 120 سەرباز و سێ هێلیکۆپتەر رەوانی عێراق بکات بۆ ئەوەی بەشداربن لە چالاکییەکانی هاوپەیمانی ناتۆ، لە ساڵی داهاتوش هێزی هۆڵەندی دیکە رەوانە دەکرێت.

حکومەتی هۆڵەندا رایگەیاند، نزیکەی 120 سەرباز و سێ هێلیکۆپتەری گوێزەرەوە لە جۆری شینۆک، رەوانەی عێراق دەکەن و لە چالاکییەکانی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی “ناتۆ” لە عێراق بەشدار دەبن.

پێشتریش لە مانگی (تەمموز/7)ی ئەمساڵ حکومەتی هۆڵەندا رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە سەرباز و هێزی زیاتری هۆڵەندی رەوانەی عێراق دەکەن، تاوەکو لە چالاکییەکانی هاوپەیمانی ناتۆ بەشداربن.

سابت محەمەد وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، عێراق پێویستی بە هێزی بیانی نەماوە، چونکە دەزگا ئەمنییەکانی خۆیان لەوپەڕی هێزدان و دەتوانن ئاسایشی وڵاتەکە بپارێزن، تەنها چەند راوێژکارێکی سەربازی بیانی لە عێراق هەن کاری ئەوانیش راهێنان و راوێژی سەربازییە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی “زە ناشیۆناڵ”ی ئەمریکی راگەیاندبو، پێویستیان بە هێزی ئەمریکا نەماوە، لە کۆبونەوەی نەتەوەیەکگرتوەکانیش چاوی بە چەند بەرپرسێک کەوتوە و گفتوگۆیان لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کردوە.

AP

پەیوەندیدار