مانگی ڕابردوو داهاتی نەوتی عێڕاق 9 ملیاری تێپەڕاند

بەپێی ئاماری کۆمپانیای سومۆ، لە ماوەی مانگی (ئەیلول/9) بڕی 103 ملیۆن و 143 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە و داهاتەکەی 9.49 ملیار دۆلار بووە، واتە بەراورد بە مانگی پێشوتر داهاتی نەوت نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار زیادیکردوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ئاماری کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق “سومۆ”، لە ماوەی مانگی (ئەیلول/9) بڕی 103 ملیۆن و 143 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە و داهاتەکەی 9.49 ملیار دۆلار بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی مانگی ئەیلول بڕی 102 ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە هەناردەکراوە، لە کێلگە نەوتییەکانی گەیارەشەوە بڕی 473 هەزار بەرملیل نەوت هەناردەکراوە.

باسی لەوەشکرد، نرخی ناوەندی یەک بەرمیل نەوت 92.05 دۆلار بووە، لە رۆژێکدا بڕی 3 ملیۆن و 483 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، داهاتی نەوت عێراق لە مانگی (ئاب/8) هەشت ملیار و 997 ملیۆن دۆلار بوو، وە بڕی 106 ملیۆن و 122 هەزار بەرمیل نەوت بە 35 کۆمپانیای جیهانی فرۆشرا.

پەیوەندیدار