رێكخراوێكی پاراستنی ژینگە هۆشداری دەداتە حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دەڵێت، بەهۆی بێباكیتان چاوەڕوانی قڕكردنی درەختەكانی كوردستان بن.
رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بڵاویكردووەتەوە، ساڵانە لەگەڵ نزیكوونەوی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە، بەهۆی كەمتەرخەمی حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، داوایان كردووە فریای ناوچە كوێستانییەكان بكەون، بۆ پێدانی بەشە سوتەمەنی پێویست، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ناچار نەبن پەنا بۆ بڕینەوەی دارستانە سروشتییەكان ببەن.
ئەوەش هاتووە، لە ساڵانی رابردوو بینیمان بەناچاری ئەوەی چاوەڕوانیمان دەكرد رویدا، دڵنیاشن ئەم ساڵ زیاتر درەخت و داری دارستانە خۆڕسك و دەستكردەكان مەترسیان لەسەر دەبێت، ناكرێ حكومەت لە ئیستاوە بیر لەوە بكاتەوە ئەو نەوتەی دەیدات بە هاوڵاتیان بە شێوەی بازرگانی پێیان بدات و بیر لە قازانج بكاتەوە، دڵنیان ئەم ساڵ بەهۆی پێشبینییەكانی كەش و هەوا سەرما و سۆڵە زیاتر دەبێت و پلەكانی گەرما زیاتر دادەبەزن.
ئەو رێكخراوە جەختی لەوەشكردووەتەوە، ژینگە و سروشتی كوردستان و دارستانە خۆڕسكەكان بەهۆكاری سروشتی و دەستكرد و هێرشی وڵاتان كە بریتین لە ئاگركەوتنەوە و بڕینەوە و دروستكردنی بینا و تەلار و پرۆژە و رێگەوبان و بۆردومانی وڵاتان رۆژ بەرۆژ خراپتر بووە، پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی ژینگە و ئەنجومەنی پارێزگاكان و رێكخراوە ژینگەیی و كشتوكاڵییەكان بێنە سەرخەت و قبوڵ نەكەن.
رێكخراوی ئایندە پێشی وایە، ئەگەر ئەمساڵ حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەست و برد نەكات لە پێدانی سوتەمەنی بە تایبەتی بە ناوچە كوێستانییەكان، دڵنیابن چەند ساڵێكی دیكە شتێك نامێنێ بەناوی دارستان لە هەرێمی كوردستان، وەكو ساڵانی نەوەدەكانی لێدێتەوە كە هاوڵاتیان تەنانەت كۆتەرەی درەختەكانیشیان لە زەویدا دەردەهێنا.